کۆماری چین دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ زیادکردنی باج لەسەر ڕووسیا بەڕێژەی 100٪ ئەگەر ئاگربەست نەکات، بەڵێنی قوڵترین پاڵپشتی بە ڕووسیا دا و دەڵێت” مۆسکۆ و پەکین تەواو کەری یەکن”.
ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی نووسیویەتی، چین بەڵێنی “قووڵترین” پاڵپشتیی ڕووسیای داوە لە سەرجەم بوارەکاندا، بەتایبەتیش دوای هەڕەشەکانی ترەمپ.
بەپێی ڕۆژنامەکە، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین پێویستی “بەهێزکردنی پشتیوانیی نێوان دوو وڵات”ی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە “متمانە لەنێوان مۆسکۆ و پەکین قووڵتر بووەتەوە و ئەو دوو وڵاتە تەواو کەری یەکن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەتا ڕۆژئاوا چەک و پارە و کۆگاکانی خۆیان لە ئۆکرانیا بسوتێنن ئەمە لە قازانجی چینە، بۆیە چین ناهێڵێت ڕۆژئاوا هیچ شتێک بکات کە هێزی ڕووسیا کەم بکاتەوە.
ئەمڕۆ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە پەکین لەگەڵ شی جینپینگ کۆبووەوە، شی جینپینگ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە “پشتیوانی یەکتر بەهێزتر بکەن”، متمانەی نێوان چین و ڕووسیاش قووڵتر بۆتەوە دوای ئەم ڕێکەوتنە.
وەزارەتی دەڕەوەی چین ڕایگەیاند “دژی هەموو سزا تاکلایەنە نایاساییەکان دەوەستێتەوە” کە لەلایەن ئەمریکاوه بەنیازە جێ بەجێ کرێت بەسەر رووسیا، ئەگەر هاتوو ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ ئۆکراینا نەکات.
