فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق سەردانی دیوانی چاودێری دارایی دەکات و ڕایدەگەیەنێت، نابێت بەهۆی ناکۆکی دوو حکومەت یان چەند لایەنێکی سیاسیەوە پێشێلی مافی ئاسایی و یاسایی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ (سێ شەممە) بەرواری (١٥/ ٧/ ٢٠٢٥) ئەندامانی فراکسیۆن سەردانی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی عێراقی فیدراڵیان کرد و لە لایەن (دکتۆر عمار صبحی خلف ) سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی عێراقی فیدراڵی پێشوازیان لێکرا.
ڕاشیگەیاندووە، گفتوگۆی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەوەرەی سەرەکی بووە و باس لە ڕێگەچارەکانی ئەو کێشەیە کرا لە کاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێم بونەتە قوربانی لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمدا.
باسی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی کرا، کە لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە ئامادەکراوە باس لە داتا و زانیاری و ژمارەکان کرا و باسی پرۆسەی بە نیشتیمانی کردنی (تەوتین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و دەڵێت: لە کاتێکدا کە بڕیاری دادگای فیدرالی بەروونی باسیکردوە ڕێگا چارەی بەشێکی زۆری کێشەکەیە.
فراکسیۆنی یەکگرتوو تەئکیدی لەوە کردەوە، کە پێویستە هەمووان هەوڵی جدی بدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و نابێت بەهۆی ناکۆکی دوو حکومەت یان چەند لایەنێکی سیاسیەوە پێشێلی مافی ئاسایی و یاسایی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، لە ئێستادا گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم لە دۆخێکی دژوار و خراپدایە لەکاتێکدا کەس و لایەنی تر پێچەوانەی یاسایی کردوە، بەڵام سزای مووچەخۆرانی هەرێم دراوە.
