سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بەئامانجکردنی کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە لە هەولێر و سەرسەنگ لە دهۆک و هەروەها ناوچەکانی دیکە شەرمەزار دەکات.
سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە ئاشکرایانە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەکات و بناغەکانی ئابووری لاواز دەکات و نوێنەرایەتی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە گشتیەکانی دەوڵەت و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان دەکات.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمە پێویستی بە هەوڵی زیاترە بۆ پاراستنی ئاسانکارییە ئابوورییەکانمان و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی لە وڵاتدا کاربکەن.
سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە دەزگا ئەمنییەکانی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەکات، “ڕێوشوێنی گونجاو و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییانە، کە مەترسی لەسەر ئابووری عێراق و ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیانی دروست دەکەن”.
