spot_imgspot_img

لە بەغدا میوانی سوودانی بوو و لە هەرێمیش کۆمپانیاکەی بۆردومان کرا

سوودانی پێشوازی لە جێگری سەرۆکی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییەکە کرد کە ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کرایە سەر ئەو کێڵگە نەوتییەی لە هەرێمی کوردستاندا کاری تێدا دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ماسیۆ زایس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای “کەی ئێچ ئێن”ی ئەمریکی کرد.

سوودانی خواستی عێراقی بۆ فراوانکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی نەوت دەربڕی لە چوارچێوەی پلانی حکومەت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانکردن لە غازی هاوەڵ و سەقامگیرکردنی کەرتی وزە جێبەجێ دەکات.

سوودانی پێشوازی لە کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بە تایبەتیش لە کەرتی نەوتدا کردووە.

لای خۆشیەوە جێگری سەرۆکی “کەی ئێچ ئێن”، جەختی لە خواستی کۆمپانیاکەیان بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت کردەوە و ڕوونیشیکردەوە کە 80٪ی دەستی کاری کۆمانیاکەیان لە عێراقدا کارمەنی عێراقین.

هەر ئەمڕۆش کۆمپانیای “کەی ئێچ ئێن” گرێبەستێکی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆ کرد بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی حەمرین کە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت تێیاندا لە 20-25 هەزار بەرمیلەوە بگاتە 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەگەڵ 45-50 پێی سێجا غازی سروشتی کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.

“کەی ئێچ ئێن” ئێنەرجی یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن.

ئەمڕۆش بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە سنووری دهۆک کە لە لایەن “کەی ئێچ ئێن”ەوە بەڕێوەدەبرێت و کۆمپانیاکەش ڕایگەیاند بە هۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرتووە.

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە