ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریاوە بڵاوکردەوە و دەڵێت” ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی سویدە دەکرێت، ئیدانەی دەکەین”.
ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە نیگەرانییەکی قووڵەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی پارێزگای سویدە دەکات، لەوانە بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆ و هەڕەشەکردن لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی گەلەکەی.
ئاماژەی بەوەشداوە، گەلی سووریا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە لەو ماوەیەدا ئاواتەخوازن کۆتایی بەو ئازارە درێژخایەنانە بهێنن کە دەیان ساڵە بەسەریاندا سەپێنراوە و بەرەو داهاتوویەک هەنگاو بنێن کە گەرەنتی کەرامەت و دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو سوورییەکان بکات.
دەقی بەیاننامەکە:
ئێمە لە ئیدارەی خۆسەردا، ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی سویدا دەکرێت، ئیدانەی دەکەین و بە هەموو پێوەرێکی نیشتمانی و مرۆییەکان بە قبوڵنەکراوی دەزانین، بەو پێیەی کاریگەرییان لەسەر پێکهاتەیەکی دانەبڕاو لە گەلی سووریا هەیە، ئێستا هەوڵدەدرێت بە تیرۆرکردن و ترساندنی خەڵکی مەدەنی و دروستکردنی کەشێکی پشێوی و ململانێ، سەقامگیری کۆمەڵگا تێکبدەین.
ئێمە پێمان وایە ئەوەی لە سویدا دەگوزەرێت تەنیا ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو یەکگرتوویی سوورییەکان و ئیرادەیان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئازاد و دیموکراسی لەسەر بنەمای فرەیی و فرەچەشنی دەکاتە ئامانج.
ئەزموون سەلماندوویەتی کە توندوتیژی ڕێگایەک نییە بۆ چارەسەر؛ بەڵکو تەنها درز و بۆشایی نێوان حکومەت و خەڵک قووڵتر دەکاتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوە، ئیدارەی خۆسەر هاوسۆزی تەواوی خۆی لەگەڵ گەلەکەمان لە سویدە دووپاتدەکاتەوە و داوا لە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی سووریا دەکات کە بە یەکگرتوویی بوەستن بۆ ڕاگرتنی ئەو پراکتیزە و هێرشانەی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدرێت، هەروەها کاربکەن بۆ پاراستنی ئاشتی مەدەنی و کایەی کۆمەڵایەتی سووریا، کە بەردی بناغەی هەر پڕۆژەیەکی تۆکمەی نیشتمانی پێکدەهێنن.
لەم چوارچێوەیەدا ئێمە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە فرەیی نەتەوەیی سووریا و داننان بە مافی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی و خۆبەدوورگرتن لە هەر هەڵسوکەوتێک کە پێکهاتەیەکی دیاریکراو بکاتە ئامانج، چ بە هۆکاری سیاسی، ئایینی، یان نەتەوەیی.
ئەو سووریایەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، دەبێت دەوڵەتێک بێت بۆ هەمووان، بەبێ پەراوێزخستن و دوورخستنەوە، لەسەر بنەمای بناغە دیموکراسیەکان بنیات بنرێت کە گەرەنتی بەشداری کاریگەرانەی هەموو هاووڵاتیانی بکات لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتەکەیاندا.
هەروەها بانگەوازی خۆمان بۆ بەکارهێنانی عەقڵ و بەرپرسیارێتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە پەرەسەندووەکاندا دووپات دەکەینەوە. داوا لە هەموو لایەنە پابەندەکان دەکەین بە یەکڕیزی سووریا و سەلامەتی گەلەکەی بپارێزن وە ڕێبازی واقیعیانە بگرنەبەر کە سروشتی کۆمەڵگای سووریا لەبەرچاو بگرن و بە پەرۆشەوە کار بکەن بۆ بنیاتنانی مۆدێلێکی سیاسی دیموکراسی مۆدێرن لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و مافی مرۆڤ. ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا
١٤ی تەمموزی ٢٠٢٥
