پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ڕاگرتنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە، بانگهێشتی وەزیری دارایی دەكەن بۆ پەرلەمان.
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە 9/1/2025دا بە نووسراوێكی فەرمی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ڕاگرت؛ تا ئەوكاتەی خشتەكانی یاسای بودجە پەسەند دەكرێت، بەڵام دواكەوتنی پەسەندكردنی خشتەكان بووە هۆی دواكەوتن و ڕاگرتنی كارپێكردنی ئەم نووسراوە.
ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دەركردووە بۆ ئەژماركردنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت، كە لە كۆمپانیا قازانجبەخشەكاندا كاردەكەن، لەبەر ڕۆشنایی ئەمەدا لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر و داوای ڕوونكردنەوەی لە وەزارەت كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی دارایی پەرلەمان كاردەكات بۆ ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی بانگهێشت بكات و كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵدا بكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی كردنەوەی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوەی ئەژماركردنی بڕوانامەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
