بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەممە 16ی ئەم مانگە گەشتەکانی عومرە دەستپێدەکاتەوە و داواش لە هاووڵاتیان دەکات ئەوانەی خوازیارن گەشتی عومرە ئەنجام بدەن لەکاتی چوونیان بۆ کۆمپانیاکانی گەشتی عومرە داوای مۆڵەتی فەرمییان لێ بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم تیایدا هاتووە: دوای ئامادەکردنی پرۆژەیەک و پەسەندکردنی لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی پرۆسەی عومڕە لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی عومڕەکاران بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە ڕێنمایی و مەرجەکانی ئەو کۆمپانیانەی ڕێکخستەوە تا لە زووترین کاتدا گەشتەکانی عومرە دەستپێبکەنەوە.
هاوکات داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان دەکات ئەوانەی بە فەرمی مۆڵەتی کارکردنیان هەیە لە ڕۆژی سێشەممە، 16ی تەمموز، سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی گرێبەست و دوای ئەنجامدانی گرێبەست کۆمپانیاکان دەتوانن لە رۆژی 16ی مانگ دەست بە گەشتی عومرە بکەنەوە بە ڕێگای وشکانی هەروەها رۆژی هەینی 18ی مانگ دەتوانن بە ڕێگای ئاسمانی گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە هەروەها داوا لە کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆشی عومرە دەکات کە ئەوانیش دەتوانن لە رۆژی سێشەممەوە سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی تەندەر و ئەنجامدانی گرێبەست و دەتوانن دوای تەواوکردنی مامەڵەکانیان لە رۆژی 16ی مانگ، دەست بە گەشتەکانی عومرە بکەنەوە بە ڕێگای وشکانی، هەروەها لە رۆژی هەینی دەتوانن بە ڕێگای ئاسمانی لە ڕێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە دەست بە گەشتەکان بە ڕێگای ئاسمانی بکەنەوە.
هاوکات بەرێوەبەرایەتی گشتی حەح و عومڕە داوا لە کۆمپانیاکانی حەج و عومرە و کۆمپانیاکانی بەرنامەفرۆش دەکاتەوە کە تەواوی پێداویستییەکانی گرێبەست لەگەڵ خۆیان بهێنن چونکە هیچ گرێبەستێک ئەنجام نادرێت ئەگەر پێداویستییەکان تەواو نەبن.
لە کۆتایدا بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئەوانەی خوازیارن گەشتی عومرە ئەنجام بدەن لەکاتی چوونیان بۆ کۆمپانیاکانی گەشتی عومرە داوای مۆڵەتی فەرمییان لێ بکەن و ئەگەر مۆڵەتیان لە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە وەرنەگرتبوو بە هیچ شێوەیەک گەشتی لەگەڵدا نەکەن هەر بۆ ئەم مەبەستەیش بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە مۆڵەتی کارکردن بە شێوەی تابلۆی هەڵواسراو دەداتە هەموو ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەست دەکەن.

