بڕیارە ئەمڕۆ شەممە دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە، فراکسیۆنی پارتیش ڕایگەیاند، بەشداریی لە کۆبوونەوەکە ناکات.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند: ناچینە کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەشدار نابین.
ئەمە لەکاتێکدایە هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بڕیاریانداوە بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقدا بکەن، غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری یەکێتی ڕایگەیاندووە، کە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن و بایکۆتی ناکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی کاروباری پەرلەمان، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەمین دانیشتنی خۆی لە وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی چوارەمدا، لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ، ئەنجام بدات.
