لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە لە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران، بە چاودێری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، کۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستانی هەرێم و بەغداد لەگەڵ کۆمیتە ڕاسپێردراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەستیپێکرد.
هەڵۆ عەسکەرى، وەزیرى ژینگەى عێراق، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، وەک دواچارەسەر لیژنەیەکى باڵا لە وەزیرەکان پێکهێنراوە، کە رەشنووسى پێشنیازی هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانى لەلایە و لەماوەیەکى کورتدا 24 کاتژمێر یاخود 48 کاتژمێر بابەتەکان یەکلادەکاتەوە.
وەزیرى ژینگەى عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، من و خالید شوانى وەزیری داد، داوامان کرد مووچەیەک خەرجبکرێت تا ئەو کاتەی حکومەتى هەرێم و عێراق دەگەنە ڕێککەوتن.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە کۆمیتە راسپێردراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە میدیای گۆڕانی وتووە: ئەمڕۆ خاڵە هاوبەش و ناکۆکەکان تاوتوێ دەکرێن و دەمانەوێت لەماوەی ئەم 24 کاتژمێرەوە تا سبەینێ بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و دواتریش ڕێککەوتنەکە دەبەینە ئەنجومەنی وەزیران و کۆبونەوەی نائاسایی بۆ ئەنجامدەدەین و دەنگی لەسەر دەدەین.
سەرچاوەکە دەڵێت: زۆری خاڵە ناکۆکەکان لەسەر دۆسیەی نەوتە و هەوڵی زۆر دەدرێت بە هەمو لایەک بگەینە رێککەوتن.
