هەڵۆ عەسکەرى، وەزیرى ژینگەى عێراق، ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، وەک دواچارەسەر لیژنەیەکى باڵا لە وەزیرەکان پێکهێنراوە، کە رەشنووسى پێشنیازی هەردوو حکومەتى عێراق و هەرێمى کوردستانى لەلایە و لەماوەیەکى کورتدا 24 کاتژمێر یاخود 48 کاتژمێر بابەتەکان یەکلادەکاتەوە.
هەڵۆ عەسکەری بۆ میدیای یەکێتی ڕاشیگەیاند، محەمەد شیاع سودانى، وتى، ” ئامادەیە پاش چارەسەرکردنى بابەتەکان کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجوومەنى وەزیران بکەن ئەگەر رۆژى هەینى یاخود شەممەش بێت”، کە پشووى فەرمییە لە عێراق.
وەزیرى ژینگەى عێراق، ڕاشگەیاند، لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ماوەى 68 رۆژە مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانى عێراق، ڕاوبۆچوونى وەزیرەکانى لەسەر کێشەکان وەرگرت، وتیشى ، “سەرجەم وەزیرە کوردەکان هاوڕابووین کە پێویستە دانووستان لەگەڵ حکومەتى هەرێم هەبێت بۆ ئەوەى ئەو کێشانە چارەسەر ببن”.
وەزیرى ژینگەى عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەى رۆژى سێشەممەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، من و خالید شوانى وەزیری داد، داوامان کرد مووچەیەک خەرجبکرێت تا ئەو کاتەی حکومەتى هەرێم و عێراق دەگەنە ڕێککەوتن.
هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد، بە ڕاى ئێمە ئەوە باشترین چارەسەرە تا ئەوکاتەى لە دانیشتن و گفتوگۆى دیکەدا کێشەکان لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق چارەسەر دەکرێن.
باسی لەوەشکرد، دروستکردنى لیژنە لەسەر ئاستى وەزیرەکانى حکومەتى عێراق، هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
