پەرلەمانتارێکی عێراق: دەبێت حکومەتی هەرێم بە یاسای بودجەوە پابەند بێت

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە پابەند نەبووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەش، تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمدایە.

مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی لە یاسای بودجەی 2023دا ڕێکخراوە و بە ڕوونی تێیدا هاتووە کە دەبێت مووچە لە بانکە حکومییەکان یان بانکە بڕواپێکراوەکانی بانکی ناوەندی یاخود تەنانەت بانکە ئەهلییەکانیش بەبانکی بکرێن و ئەوەش وەک مەرجی سەرەکی خەرجکردنی مووچە دانراوە.

پەرلەمانتارەکە ڕاشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری بەبانکیکردنی مووچەوە پابەند نەبووە، ئەوەش وایکرد حکومەتی فیدراڵی مووچەی هەرێم وەک پێشینە و قەرز بنێرێت.

گەرعاوی وتیشی: “دەبوو دواتر ئەو پێشینانە لە پشکی هەرێمی کوردستان بدرایەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم نە داهاتی نانەوتی و نە داهاتی نەوتیی پێشووشی ڕادەست نەکردووە، ئەمە جگە لە کەڵەکەبوونی قەرز لە سەری کە 4 ترلیۆن و 800 ملیار دیناری تێپەڕاندووە”.

بە وتەی پەرلەمانتارەکە، ئەوەش وایکرد کە وەزارەتی دارایی عێراق بە شێوەیەکی کاتیی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ڕابگرێت تا ئەو کاتەی گرفتەکە چاەرسەر دەکرێت.

مستەفا گەرعاوی ڕاشیگەیاند، “ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و دەبێت بە هەموو بڕگەکانی یاسای بودجەوە پابەند بێت و ئەو شایستە داراییانەی لەسەرێتی، بیدات”.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیشیکردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکە بریتییە لە بە بانکیکردنی مووچە بە شێوەیەکی فەرمی، بۆ ئەوەی هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی، ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش گەرەنتی بکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە