سوپای تورکیا کوژرانی سێ سەربازی دیکەی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و بەوەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکان بۆ هەشت بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لە هەرێمی کوردستان سێ سەربازی دیکەیان بە کاریگەریی گازی میسان گیانیان لەدەستدا.
دوێنێش سوپای تورکیا کوژرانی پێنج سەربازی ڕاگەیاند و بەوەش ژمارەی کوژراوەکانیان بۆ هەشت سەرباز بەرزبووەوە.
سوپای تورکیا وەک ئاماژەدان بەوەی ژمارەیەک سەربازی دیکەشیان بەر گازە ژەهراوییەکە کەوتووە ڕایگەیاند، “هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ ئەو کەسانە دەخوازین کە زیانیان بەرکەوتووە”.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای دەکات کە سوپای تورکیا لە کاتی هێرشکردنە سەر تونێلەکانی گەریلا، گازی ژەهراوی بەکاردەهێنیت و پێشتریش پەکەکە لە چەند ڕاگەیەدنراوێکیدا ئەوەی ئاشکراکردبوو کە سوپای تورکیا بە گازی کیمیاوی و قەدەغەکراو هێرش دەکاتە سەر تونێلەکان.
