پارێزگاری هەولێر كاتی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران ئاشكرادەكات و دەڵێت: ئەمجارە تەنها كارتێك نییە، بەڵكو تاپۆی زەوییەكە دەدرێت بە فەرمانبەر و دەشڵێت: لە دابین كردنی كارەبای 24 كاتژمێری گەیشتووینەتە ڕۆژكارێكی خۆش، كە 5 جیلی ڕابردوو نەیبینیوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەشێوەیەكی خێرا دەڕوات بەڕێوە و تیمەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی دڵسۆزانە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و لەقۆناغی كۆتاییدایە و تێكڕای ئەو فەرمانبەرانەی خاڵبەندییەكە دەیانگرێتەوە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی.
ڕاشیگەیاند، پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لەپای هەوڵ و ماندبوونی فەرمانبەرانە، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زەحمەتی زۆریان كێشاوە و لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشكردن دەكرێت و ئەمجارە كارەكە جیاوازە و فەرمانبەر ڕاستەوخۆ تاپۆ (سەنەد)ی زەویەكەی وەردەگرێت نەك كارتی زەوی.
وتیشی، “لە ناو سەنتەری شاری هەولێر نزیكەی 60 هەزار فەرمانبەر و پێشمەرگە سووودمەند دەبن و لە دەرەوەی شاریش نزیكەی 40 بۆ 45 هەزار فەرمانبەر سوودمەند دەبن”.
دەربارەی كارەبای 24 كاتژمێری، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، “لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام كێشەی كارەبامان بۆ دروست دەبوو، هەرچەندە بەرهەم زیادی دەكرد، بەڵام خواستی هاووڵاتیان زیادی دەكرد، بەڵام بە پڕۆژەی ڕووناكی كۆتایی بە چیرۆكی نەبوونی كارەبا دێت، ئەوەش بە دابین كردنی كارەبایەكی خاوێن دوور لە ژاوەژواو و پیسبوونی ژینگە و بەوەش هەزاران مۆلیدەی گەڕەكەكان و هۆتێلەكان كوژانەوە”.
ئاشكراشی كرد، لە هەولێر لەناوشار پڕۆژەی ڕووناكی تەواو بووە و لە دەرەوەی شار دەستمان پێ كردووە و بەوەش گەیشتووینەتە ڕۆژگارێكی زۆر خۆش بۆ هاووڵاتی هەرێمی كوردستان، كە ڕەنگە 5 جیلی ڕابردوو ئەو كارەبایەی نەدیبێت.
