بە فەرمی عێراق جووە لیستی ئەو دە وڵاتەی مەترسی وشکەساڵی قورس و تینوێتییان لەسەرە و شارەزایەکی ژینگەیی هۆشداری لە مەترسییەکان دەدات.
عادل موختار شارەزای بواری ئاو و ژینگە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم رایگەیاند، عێراق بەدەست دۆخێكی مەترسیداری كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت و بەركەوتەی وشكەساڵییەكی راستەقینە و كوشندە بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەو کاریگەریی وشکەساڵی کەمئاویەوە، ئێستا چۆتە لیستی پێشەوەی ئەو 10 وڵاتەی كە بەهۆی وشكەساڵییەوە بەركەوتەی تینوێتی بوون.
عادل موختار هۆشداریشیدا لەوەی قەیرانی ئاو كاردانەوەی ژینگەیی و ئابووری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشی دەبێت، و زۆربەی خەڵك ناچار دەكات لە گوندەكانەوە كۆچ بكەن بۆ شار.
ئەم گۆڕانکاریانە لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی فورات لە ئێستادا بەدەرکەوتون، وردە وردە شەپۆلی وەرزی ئاوارەبوونی جووتیاران تێیدا ڕوودەدات، هاوکات کەمبوونەوەی بەرچاو لە ناوچە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی بەرچاوی بێکاری و لاوازی کۆمەڵایەتی، ئەمەش وا دەکات وشکەساڵی نەک تەنها کارەساتێکی سروشتی بەڵکو دەروازەیەک بێت بۆ ناهاوسەنگییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوخۆ.
سەرەڕای هۆشداریی دووبارە، قەیرانی ئاو لە عێراق هێشتا پرسێكی دواخراوی سیاسییە و كراوەیە بۆ هەموو سیناریۆكان، لە كاتێكدا وڵاتەكە ڕووبەڕووی شەپۆلی گەرمای توند و دابەزینی ئاوی رووبارەكانی دیجلە و فورات دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەرەكانی رزگاربوون لە وشكەساڵی كەمكردووەتەوە.
