کۆمەڵەی “ئەپیکور” ڕایدەگەیەنێت کە چاوەڕێی واژۆی سەرۆک وەزیرانی عێراقن بۆ دەستپێکردنەوەی هەنارەکردنی نەوتی هەریمی کوردستان و جەختیش دەکاتەوە لەوەی مەرج و داواکارییەکانیان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە.
مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان “ئەپیکور” لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 ڕاگەیاند، دۆسییەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەردەستی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە و چاوەڕوانى واژۆى ئەو دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو کە مەرج و داواکارییەکانیان گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە و هەر ئەوانەی پێشوون.
پێشتر ئەپیکور ڕایگەیاندبوو کە مەرجى سەرەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، دڵنیاکردنەوەیە لەوەی شایستە داراییەکانیان پێ بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگانییەکانیشیان بپارێزرێت.
هەفتەی ڕابردووش پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو نووسراوێک دەربارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دراوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق و “چاوەڕێی واژۆی سوودانین”.
کۆمەڵەکە داوای وەرگرتنەوەی ملیارێک دۆلار دەکات کە وەک قەرز لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتە لە تشرینى یەکەمى 2022ەوە تاوەکو ئازارى 2023.
ئەپیکور، لە هەشت کۆمپانیای بیانی بوارى نەوت پێکهاتووە کە 60%ـی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنن، پاش ڕاگرتنى هەناردەش ئێستا ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.
