ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی داوا لەئەمریکا دەکات قەرەبووی ئەو هێرش و پالامارانەی سەر وڵاتەکەی بەتایبەت بنکە ئەتۆمییەکان بداتەوە کە “زیانێکی زۆر”ی بەرکەوتووە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە پۆستێکیدا لەسەر پلاتفۆرمی X نووسیویەتی: ئەمریکا هێرشی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێکرد، ئەم هێرشە نایاساییە زیانێکی بەرچاوی لێکەوتەوە، واشنتۆنیش بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە ئەستۆ دەگرێت، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت و ناچار بکرێت قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.
ویلایەتی، دەڵێت؛ گەلی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی “فشار و دەستدرێژی” بەردەوام دەبێت و، هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگری بکات لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەداوە؛ تاران لە ڕێگەی کەناڵە یاسایی و دیپلۆماسییەکانەوە بەدوای داوا یاساییەکانی ئەم “دەستدرێژییە” دەچێت دەیخاتە کارنامەی دەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان.
