هاوین دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ خێزانەکان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ساڵانە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خۆشەویستان کە بەهۆی کار و سەفەر و قوتابخانە لە وەرزەکانی تردا ڕێگرییان لێدەکرێت کۆببنەوە.
برایان بۆساک، مامۆستای تەندروستی گشتی لە کۆلێژی شاری چارلستن لە ئەمریکا، چەند نیشانەیەکی سەرەکی ئاگادارکردنەوە و ڕێگای ئاسان بۆ دەربازبوون لە گەرما و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش دەخاتەڕوو.
ئەو مامۆستایە بە ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت-ی ڕاگەیاندووە “وەک پرۆفیسۆرێکی تەندروستی گشتی، لێکۆڵینەوە لە مەترسییە تەندروستییەکان دەکەم لە کەشوهەوای گەرمی بەتیندا، تێبینیشم کردووە کە گەرما دەبێتە مەترسییەکی گەشەسەندوو”.
ئەو نیشانانەی کە دەبێت ئاگاداریان بین
نەخۆشیەکانی پەیوەست بە گەرما بەربڵاون و ماندوێتی سووک بە گەرمی دەتوانێت بە خێرایی گەشە بکات بۆ گەرمایەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی ئەگەر کەسێک بۆ ماوەیەکی درێژ بەر گەرمای زۆر بکەوێت.
جۆرە سووکەکانی نەخۆشی پەیوەست بە گەرما بریتین لە گرژبوونی ماسولکە و پەڵەی گەرمی، کە هەردووکیان دەتوانن لە ئەنجامی ئارەقەکردنەوەیەکی زۆرەوە لە بارودۆخی گەرمدا دروستبێت. ساردکردنەوە و خواردنەوەی شلەی فێنک دەتوانێت لەم دۆخە ڕزگارت بکات.
نەخۆشیەکانی پەیوەست بە گەرما هەندێک جار گەشە دەکەن و دەبنە ماندوێتی گەرما، کە حاڵەتێکی ترسناکە. نیشانەکانی ماندوێتی گەرما بریتین لە سەرگێژخواردن، سکچوون، زۆر ئارەقکردنەوە، بێهێزی، تینوێتی، سەرئێشە.
فریاکەوتن
جەڵتەی گەرما حاڵەتێکی فریاگوزاری پزیشکییە. لەم قۆناغەدا جەستە ناتوانێت پلەی گەرمی ناوەوەی جێگیر بپارێزێت. کەسێک کە تووشی گەرما بووە دەکرێت جەستەی بە خێرایی بگاتە 41 پلەی سەدی یان زیاتر، ئەم گەرمایەش بە خێرایی دەبێتە هۆی تێکچوونی مێشک و دڵ و گورچیلە.
گەرما دەبێتە هۆی گرژبوون یان ببێتە هۆی ئەوەی کەسێک بکەوێتە کۆما لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ناوەوەی. ئەگەر دەستبەجێ چارەسەری حاڵەتەکە نەکرێت و پلەی گەرمی ناوەوە بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، ئەوا گەرما دەتوانێت ببێتە هۆی گیانلەدەستدان.
چۆن خۆت بپارێزیت؟
چەند هەنگاوێکی سادە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دوورکەوتنەوە لەم هەموو دەرئەنجامە تەندروستییە مەترسیدارانە. لەوانە:
سەرەتا بە دوورکەوتنەوە لە چالاکییە ماندووەکانی دەرەوە لەکاتی گەرمای توند دا و خواردنەوەی شلەمەنی بۆ ئاودانەوەی جەستە.
دەتوانرێت کتێبخانە یان مۆڵێکی بازرگانی تەندروستی بۆ پشوودان لە گەرمترین کاتژمێرەکانی ڕۆژدا بەکاربهێنرێت.
دابینکردنی ئاوی پێویست بۆلەش، کاتێک مرۆڤ زۆر ئارەقە بکاتەوە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاوی پێویست و خوێ لە جەستەدا. بۆیە گرنگە هەمیشە دڵنیا بین لەوەی ئاو و خوێ پڕ دەبنەوە.
کەسانی بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستی تایبەت مەترسی زیاتریان لەسەرە بەهۆی شەپۆلی گەرما بەتایبەت ئەگەر نەتوانن بە ئاسانی بچنە ژینگەیەکی فێنکتر، بۆیە پێویستە بە وردی چاودێری بکرێن.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت
