ئەندامیکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەترسی شەڕی هەمەجەشنە لەسەر هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت” ئێران گڵۆپی سەزی هەڵکردووە”.
وەفا محەمەد کەریم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 5ـی تەمموزی 2025، بە ماڵپەری بەغداد الیوم-ی ڕاگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت و ڕووبەڕووی شەڕێکی ئابووری، سیاسی، ئەمنی و سەربازی دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، “شتێکی ڕوونە کە ئێران لە هەرێم ناڕازییە، هەر ئەو هۆکارەشە وایکردووە ئێران گڵۆپی سەوز بۆ هەندێک گرووپ هەڵبکات بۆ جوڵە و بە ئامانجگرتنی هەرێم”.
ئاشكراشیکرد، لای هەمووان ئاشکرایە ئیسرائیل هیچ بارەگایەکی لە هەرێم نییە، هەرێمیش پشتیوان و هاوکاری هیچ لایەکی نەکردووە لە شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران ئیسرائیل، بەڵکو ئیدانەی کردووە و بەهەموو جۆرێک شەڕی ڕەتکردۆتەوە و داوای ئاشتی کردووە، بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێتەوە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق ئاگادارە و تەنها تەماشا دەکات.
جەختیشیکردەوە، “پێگەی ئەمریکا لە بەرگریکردن لە ناوچەکە لاوازی بووە، و پێدەچێت ئەمریکییەکان سەرقاڵی شتی دیکە بن و گرنگی بە دۆخی عێراق نادەن، بەتایبەتی کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هیچ بارەگا و بنکەیەکی ئەمریکییان نەکردۆتە ئامانج، بۆیە هیچ وەڵامێکمان لەلایەن ئەوانەوە نەبینیوە”.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە سنووری سلیمانی و کەرکوک چەند درۆنێک کەوتنە خوارەوە، ئەمەش نیگەرانی لایەنی کوردی لێکەوتەوە بەرامبەر هەندێک لە گروپ و میلیشا لە عێراق، و حکومەتی هەرێم عێراق تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیکردن لەو گروپانەی کە درۆن دەگرنە ناوچە کوردییەکان.
شایانی باسە هەرێمی کوردستان جگە لەم ئاستەنگە ئەمنییانە، بەهۆی نەناردنی پارەو بودجە و مووچە لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، ڕووبەڕووی فشاری ئابووریی توند دەبێتەوە، و خەڵکەکەی لە دۆخێکی دارایی سەختدا دەژین.
