spot_imgspot_img

ترەمپ: ئێران چیتر لەدژی ئەمریکا هوتاف نادات

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی بەتەواوی لەناوبرد و ئاماژەی بەوەدا کە تاران چیتر وەک جاران دروشمی دوژمنکارانە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرز ناکاتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆی ئێران کرد و وتی: ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە خراپترین قسەی لەبارەی ئەمریکاوە دەوت، وەک ‘مەرگ بۆ ئەمریکا’ و ‘مەرگ بۆ ئیسرائیل’. پێشتر قسەی ترسناکیان دەکرد.

 

ترەمپ بە ئاماژەدان بە ڕوماڵی میدیاکانی ئەمریکا وتی: میدیاکان نەیانویست دانبەوەدا بنێن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوچووە، ئەوان دەیانوت زیانێکی بەشەکی یان زۆر زیانی پێگەیشتووە، بەڵام ڕەتیانکردەوە وشەی ‘لەناوبردن’ بەکاربهێنن، ئێستا سەلمێنراوە کە بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمیەکەی لەناوچووە، تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش پشتڕاستی کردووەتەوە.

ترەمپ، ئاماژەی بە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی ئەمریکا لە قەتەر کرد و وتی تەنها چوار کارمەندی بەرگری ئاسمانی ئامادەبوون، کاتێک ئێران ١٤ مووشەکی پێشکەوتوو و خێرای هەڵدا، هەموویان لەلایەن سیستەمی پاتریۆتەوە ڕێگرییان لێکرا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئێرانی تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی وتم بڕیارە ١٤ مووشەک هەڵبدەن، من پێم وتن ‘بهاوێژن’، بەڵام هەموویان خرانە خوارەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا وتی “پێویستە سوپاسگوزاری هێزە چەکدارەکانمان بین، ئەوان ئەو کارەیان بە ئەنجام گەیاند کە دەبێت بە یەکێک لەگەورەترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی مێژووی ئەمریکا هەژمار بکرێت”.

 

پێشتر دۆناڵد ترەمپ لەکاتی ئامادەکاری بۆ ڕۆشتنی بەرەو ئایۆوا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندبوو، “ئێران بەڕاستی دەیەوێت قسە بکات، پێموایە ئەوان حەز دەکەن قسەم لەگەڵ بکەن، کاتی ئەوە هاتووە ئەو کارە بکەن”.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە بەدوای پەرەسەندندا ناگەڕین، دەمانەوێت دەرفەتێکی دیکە بە ئێران بدەین کە وەک نەتەوەیەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، گورزێکی توندیان لێدراوە و ڕاشکاوانە بڵێم ئێران و ئیسرائیلیش ماندوون”.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە