ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە؛ ژمارەیەک لە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە لەکاتی شەڕی ئەم دواییەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لە ئێران ئامادە بوون، بەهۆکاری ئەمنی تارانیان بەجێهێشتووە.
بە پێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەم پشکنەرانە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، بە ڕێگای وشکانی ئێرانیان بەرەو ئەرمینیا بەجێهێشتووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو پشکنەرانە لەدوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیران لە تاران جێگیر بوون، بەڵام لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە سەردانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، سەرەتا لە هۆتێلێکی پایتەختی ئێران ماونەتەوە و دواتر بۆ باڵەخانەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان گوازراونەتەوە.
لۆڕێنس نۆرمان پەیامنێری ڕۆژنامە ئەمریکاییەکە ڕایگەیاندووە کە پشکنەرەکان لەسنووری وشکانییەوە بەرەو ئەرمینیا بەڕێکەوتوون.
لای خۆیەوە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی X دا ئەم زانیارییەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پشکنەرەکان پێشتر گەیشتوونەتە بارەگا سەرەکییەکەیان لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا.
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم پێشهاتانە، “گرنگیی وتووێژ”ی نێوان ئاژانس و ئێرانی دووپاتکردەوە، بە مەبەستی “دەستپێکردنەوەی چالاکییەکان و چاودێری بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ڕۆیشتنی ئەو پشکنەرانە لە ئێران لە کاتێکدایە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە ٢ی تەمووزدا جێبەجێکردنی یاسای “پابەندکردنی حکومەت بەڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی” ڕاگەیاند، ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەندکرابوو و لەلایەن ئەنجومەنی دەستوورییەوە پشتڕاستکرابووە وە.
لای خۆشیانەوە ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بڕیاری تارانیان بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس بە ناجۆر لەقەڵەمدا و سەرکۆنەی ئەو بڕیارە دەکەن.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەشداوە، کە کشانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر بە واتای لەدەستدانی “دەستڕاگەیشتنی نێودەوڵەتی کاریگەر” بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، دەرگا بەڕووی بەردەوامی چالاکییە ئەتۆمییەکان بەبێ چاودێری ڕاستەوخۆی ئێران دەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بەردەوامن لەچاودێریکردنی وردی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش بەردەوامە لە بەکارهێنانی وێنەی مانگی دەستکرد بۆ چاودێریکردنی شوێنە ئەتۆمییەکان.
ڕۆژنامەکە هۆشداری داوە لەوەی پێشهاتەکانی ئەم دواییە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لەسەر پابەندبوونی تاران بە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی.
ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئاژانس لەم ساڵانەی دواییدا وردە وردە پەرەی سەند، ئێران تاکە دەوڵەتی بێ چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا کە یۆرانیۆم تا ٦٠ لەسەد بپیتێنێت و ڕەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ناتوانێ بە دڵنیاییەوە پشتڕاستی بکاتەوە، بەرنامەی ناڤۆکیی ئێران تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانەیە، بە هۆی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەریدا سەپێنراوە.
دوابەدوای ئەو هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان لە ئێران دەستیان پێکرد، کاربەدەستانی ئێران بە توندی ڕەخنەیان لە هەڵوێستەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە گرت سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و یەکلایبوونەوەی لایەنداریی بۆ بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 30ی حوزەیران ڕایگەیاندبوو، ڕاپۆرتەکانی گرۆسی “بیانووی” بۆ هێرشی ئیسرائیل -ئەمریکا بۆ سەر ئێران هێناوەتە ئارا.
وتیشی: ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کەموکوڕییەکی گەورەی ئەنجامداوە، بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرت، بیانووی دا بەدەستەوە و هەڵوێستی شیاوی سەبارەت بە دەستدرێژی بۆ سەر ئێران لەبەرچاونەگرت.


