مونا قەهوەچی پەیامێک بە بەغدا دەدات و دەڵێت” ئیرادەی خەڵکی کوردستانی زۆر لەوە بەهێزترە بە نەناردنی موچە لاواز بكرێت”
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، ئاشکرایە بەغدا ڕۆژ دوای رۆژ دژایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم زیاتر دەکات، ئەم دژایەتیەش لەڕێگەی دروستکردنی کێشەی بە ئەنقەست بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕەنگیداوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەغدا ئێستا کە داوا دەکات حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستبکات تا لەبەرامبەردا مووچەی فەرمانبەران بنێرن، دەشڵێت”باشە ئەگەر هەرێمی کوردستان پارەی پێویستی لە بودجەدا نەماوە ئەی چۆن ئێستا پارە هەیەو مووچە دەنێرن”.
قەهوەچی دەشڵێت، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە بەغدا مووچەی کردۆتە کارتێکی سیاسی بۆ لاوازکردن و دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەکاریدەهێنێت، و تەنها دەیەوێت درێژە بە کێشەکان بدات و هیچ پابەندی رێكکەوتنەکان نەبێت.
لە پەیامەکەدا ئەوەشهاتووە، ئاشکراشە کە هەموو ئەو رێگرییانە دژ یەکن لەگەڵ یاسا و دەقە دەستوورییەکان و بریاری دادگای فیدراڵی.
ڕوونیشیدەکاتەوە، حکومەتی عێراق هێشتا خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ نەناردۆتە پەرلەمانی عێراق و پەسەند نەکراوە، کەواتە نەناردنی مووچەو ئەو رێگریانەی کە حکومەتی ناوەند و وەزیری دارایی عێراق بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستی دەکەن جگە لە شەرێکی دەروونی و هەوڵ بۆ برسیکردن و لاوازکردنی ئیرادەی تاکی کوردستانی هیچی تر نیە.
لەکۆتایشدا دەڵێت” بەم هەوڵانە ناتوانن هەرێم لاواز بکەن و ئیرادەی حکومەتی هەرێم و تاکی کوردستانی زۆر لەوە بەهێزتر و گەورەترە بەو هەوڵ بچوک و نەزۆکانە لاواز بکرێت”.
