هاتووچۆی بەغدا ئاماری تۆمارکردنی سەرپێچی لەلایەن کامێرای زیرەکەوە لە پارێزگاکە بڵاوکردەوە و دەڵێت”لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 10 هەزار سەرپێچی تۆمارکراوە”.
بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆ، عەدی سەمیر، بە میدیا عێراقییەکانی ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی هاتووچۆ و بەرنامەی زیرەکی هاتووچۆ لە پارێزگای بەغدا.
ئاماژەی بەوەشداوە،پلانە نوێیەکە دەرئەنجامی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە لەڕووی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە ترافیک لایتەکان و پابەندبوون بە یاسای هاتووچۆ”.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، “هەندێک سەرپێچی هاتووچۆ تۆمارکراوە و بەدواداچوونی بۆ کراون و لەنێو ئەو سەرپێچیانەدا جێگیرکراون کە ڕادارەکان ئاماژەیان پێکردووە”.
ڕوونیشیکردەوە،”سەرپێچیەکان بەم شێوەیە دابەشکراون:
هەزار و 6 سەرپێچی گڵۆپی هاتوچۆ.
هەزار و 711 سەرپێچی بەکارهێنانی مۆبایل.
6 هەزار و 52 سەرپێچی نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی، و هەزار و 263 سەرپێچی وەستانی ئۆتۆمبێل و سەرپێچی زیادەی وەستانی ئۆتۆمبێل.
کۆی گشتی سەرپێچیەکان گەیشتووەتە 10 هەزار و 32 سەرپێچی لەو کاتەوەی کامێرا و ڕادارەکان لەژێر سیستەمی زیرەکی هاتووچۆدا دەستیان بە کارکردن کردووە.
