کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چینی پلانی گەیشتنیان بە ئەفریقا هەیە و دەیانەوێت بازاڕی ئەوێش بە ئۆتۆمبێلەکانیان پر بکەنەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک لە بەرامبەر زیادبوونی سنووردارکردنەکان لە بازاڕەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت لە کەرتی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئۆتۆمۆبیل پرۆپرێی فەرەنسی، کە تایبەتە بە هەواڵەکانی گواستنەوەی پاک و خاوێنی، بەهۆی سەپاندنی باجێکی زۆر لەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا، ئەفریقا بووەتە بژاردەیەکی ستراتیژی دیار بۆ ئەو کۆمپانیایانە کە هەوڵی ناودارکردنی بەرهەمەکان و کاریگەریی جیهانی خۆیان دەدەن.
لە ئەفریقای باشوورەوە دەست پێدەکات
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئەفریقای باشوور خاڵی دەستپێکردنی گرنگە بۆ زۆرێک لە کۆمپانیا چینییەکان، بەهۆی ژێرخانی پیشەسازی و بازاڕی ڕێکخراو و سیاسەتەکانی حکومەت کە هاندەری بەرهەمهێنانی ناوخۆیین.
کۆمپانیاکانی وەک BYD و Chery و Great Wall Motor بوونی خۆیان لە وڵاتەکەدا بەهێزتر کردووە بە خستنەبازاڕی مۆدێلی هایبرید یان بیرکردنەوە لە دامەزراندنی کارگەی ناوخۆیی بۆ دەربازبوون لە بەربەستەکانی گومرگی.
فراوانکردنەکە تەنها لە باشووری ئەفریقادا سنووردار نییە. ئۆمۆدا و جایکۆ پێشانگاکانیان لە وڵاتانی نامیبیا و بۆتسوانا و ئێسواتینی کردووەتەوە و پلانیان هەیە بۆ فراوانکردنی بۆ زامبیا و تانزانیا.
کۆمپانیای BYD هەوڵدەدات تۆڕی بازرگانی خۆی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بەهێز بکات، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلیان کەمە، کە بە بازاڕێکی بەڵێندەر دادەنرێت بۆ گەشەکردنی داهاتوو.
نرخە کێبڕکێکارەکان
دیارترین سوودی ئۆتۆمبێلی چینی، نرخەکەیەتی. زۆرێک لە مۆدێلەکان بە کەمتر لە ٢٠ هەزار یۆرۆ دەفرۆشرێن، ئەمەش وایکردووە لە دەستی چینی ناوەڕاستی تازەپێگەیشتودا بن، کە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقادا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
سەرەڕای توانا دەوڵەمەندەکانی کیشوەرەکە، بازاڕی ئەفریقا هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بنەڕەتی دەبێتەوە، دیارترینیان داهاتی تێکڕای کەم و ژێرخانی کارەبایی لاوازە.
ئەو داتایانەی ساڵی ٢٠٢٣ کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێکراوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پلاگین هایبرید کەمتر لە ٣%ی کۆی فرۆشی باشووری ئەفریقا پێکدەهێنن.
بەرهەمهێنەرانی چینی ئاگاداری ئەم ئاڵنگارییەن و سیاسەتی هەنگاو بە هەنگاو دەگرنەبەر، کە لە بەبازاڕیکردنی مۆدێلی هایبریدەوە دەستپێدەکات، وەک پێشەکییەک بۆ گواستنەوە بۆ ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی.
سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس
