1ـی تەمووز لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەک ڕۆژە ئاساییەکان تێدەپەڕێت، بەڵام لە عێراق واتایەکی تایبەتی هەیە، کە بەهۆی بارودۆخی مێژوویی و کارگێڕییەوە نزیکەی نیوەی هاووڵاتیانی عێراق یادی لەدایکبوونیان دەکەنەوە.
بۆچی ئەم ڕۆژە لە تۆماری باری شارستانی نیوەی عێراقییەکان نووسراوە؟
ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرهێنانی ناسنامەی باری شارستانی لە عێراق. لەو سەردەمەدا زۆرێک لە عێراقییەکان بەتایبەتی گوند نشینەکان کە بەهۆی نەشارەزایی یان نەبوونی تۆمارێکی ورد، ڕێکەوتی تەواوی لەدایکبوونی خۆیان و منداڵەکانیان نەدەزانی، بەشێک لە فەرمانبەرانی تۆمارکردنی باری شارستانیش بەهۆی کەمتەرخەمی یان ئاسانکارییەوە، ڕۆژی یەکی تەمووزیان وەک ڕۆژی لەدایکبوونی زۆربەی ئەو کەسانە تۆمارکردووە کە ڕێکەوتی ڕاستەقینەی لەدایکبوونیان نادیار بووە.
ئەم ڕەوشە بووەتە هۆی ئەوەی کە یەکی تەمووز ببێتە ڕۆژێکی تایبەت لە عێراقدا و، تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لەم ڕۆژەدا یادی لەدایکبوونیان دەکەنەوە و بە “ڕۆژی لەدایکبوونی بەکۆمەڵ” ناوی دەبەن.
