spot_imgspot_img

بێنن دەستتان بۆن بکەم!

عەبدولواحێد محەمەد – نووسەر

لە ساڵی ١٩٤٩ کەسێک لە لوبنان بە ناوی’بەهیج تەقیەدین’ دەکرێت بە وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە، برایەکی بە ناوی ‘سەیفەدین تەقیەدین’ کە نووسەر و ڕۆژنامەنوس بوو، کاتێک زانی براکەی کراوەتە وەزیری کشتوکاڵ، نامەیەکی بۆ نارد، لە نامەکەیدا نوسی بووی؛

‘برام بەهیج زانیومە تۆیان کردووەتە وەزیر، ئەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ بنەماڵەکەمان و دەڤەرەکەمان، زۆریش دڵمان پێی خۆشبووە، بەر لەوەی پێت بڵێم پیرۆزە، دەمەوێت ئەوەت بە بیربهێنەمەوە، ئێمە کاتێک منداڵ بووین، ئێواران بەپەلە ڕاماندەکرد بۆ لای باوکمان تاوەکو لە پێخەفەکەی ئەو و لە باوەشی بخەوین، سڵاوی خوا لە ڕۆحی پاکی بێت، لە بیرمە جارێ زوو دەیوت، بێنن دەستتان بۆن بکەم، بۆ ئەوەی بزانێت دەستمان پاکە یان دوای خواردن شوشتومانە کە دڵنیا دەبوو ئینجا لێی دەگەڕا لە باوەشی بخەوین، برام ئێستا باوکمان لە ژێر گڵدایە و خەوی ئەبەدی لێ کەوتیە، بێ گومان بە، ئێمەش دوای ماوەیەکیتر، وەکو ئەو خەوی ئەبەدیمان لێ دەکەوێت، ئاگاداربە برام دەستەکانت زۆر پاک بێت، بۆ ئەوەی لەو دنیاش لەگەڵ باوکمان بە ئارامیەوە بخەوین، خۆشم زۆر باشم لە بیرە باوکی ڕەحمەتیشم هەمیشە دەیوت بخوێنن کەوا و سەڵتەکەی خۆمتان بۆ دەفرۆشم، کاتێک گەورە بووین بەردەوام دەیوت هەر ئیشەکتان کرد زۆر بە ڕاستی و بە دڵسۆزیەوە بیکەن، یەک فلیسی حەرامی تێدابێت یان هەر کەمتەرخەمیەک بکەن گەردەنتان ئازاد ناکەم و لە ڕۆژی خۆی لە خوا داوا دەکەم لێپرسینەوەتان لەگەڵدا بکات، هەزاران ڕەحمەت لە گۆڕی باوکمان بێت، چونکە ئەو بووە هاندەرمان بۆ ئەوەی دەستەکانمان پاک بێت و دڵسۆزیش بین لە ئەرکەکانمان.

لەڕاستیدا مەبەستم لە بەبیرهێنانەوەی سەرگوزشتەی ‘بەهیج و سیفەدین’ ی برای هەروەها ئامۆژگاریەکانی باوکم، بۆ ئەوەیە بپرسم، ئایا ئەو بەرپرسانەی ئێستا حکوم دەکەن باوکیان دەستیان بۆن دەکات؟

لە وەڵامدا دەبێت ئەوە بڵێین، مخابن ئەم زەمانە ئەو نەریتە جوان پڕ بەهایانە زۆر کاڵ بۆتەوە، ئەگەر ماش بێت تایبەتە بەوانەی هێشتا پەیوەستن بە دەست و داوێن پاکی و بەها بەرزەکانی کۆمەڵایەتی، ڕۆژانە بۆنی دەستی کوڕ و نەوەکانیان دەکەن.

لە بەرامبەردا زۆرن ئەوانەی لەلایەن باوکەکانیانەوە دەستیان بۆن ناکرێت، پێشیان ناوترێت ئەو سەروەت و سامانەتان لە کوێ هێناوە، ئەوەتا کەسانێک هەن نەک خۆیان بگرە کوڕ و نەوەکانیشیان بوونەتە خاوەنی مەلاین دۆلار بگرە ملیاریش، دەستیشیان ئەوەندە پیس و بۆگەن بووە، بۆنەکەی ڕۆژە رێیەک دەڕوات، پرسیارەکەش ئەوەیە، قابیلە ئەو جۆرە باوکانە ئەو بۆنە قێزراو و بێزراوە نەکەن؟ قابیلە نەزانن ئەو هەموو ماڵ و موڵک و قەڵا و سەیارە جوان و فەخمانە چۆن کۆکراونەتەوە، یان وەزیرێک یان کەسێکی پلە باڵا، بەهۆی ئەرکەکەیەوە ببێتە خاوەنی کۆمپانیا و باشترین کۆشک و گەورەترین پڕۆژەی بازرگان و ژیانێکی شاهانە.

لە کوێی دونیا ئەو جۆرە هەڵتۆقینە شەو و ڕۆژیە هەیە، ئەنجیلا مێرکل سەرۆک وەزیرانی پێشوتری ئەڵمانیا کاتێک پۆستەکەی وەرگرت لە شوقەیەکی ئاسایی بوو، دوای شازدە ساڵ، لە ترۆپکی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندە کە پۆستەکەی ڕادەست کردەوە هەر لەو شوقەیە بوو کە پێشتر تێیدابوو، لە بۆنەیەکیش لێیان پرسی، تۆ بۆ هەر ئەو جلانەت لەبەرە؟

وتی: خۆ من مۆدێل چی نیمە، من فەرمانبەری دەوڵەتم و ئەوەم لێدەوەشێتەوە، دەیان و سەدان نمونەی لەو شێوە هەیە، من دڵنیام باوکەکانی ئەوانەی ئەم هەرێمە، یەک ڕۆژ نە دەستی کوڕەکانیان بۆن کردیە، نە پێشیان وتونە ناهێڵین لەگەڵماندا بخەون، دەردی باوکی ‘بەهیج و سەیفەدین’ وتەنی، چونکە خۆشیان غەرقی ئەو هەوا و هەوەسە پیسە بوونە و ڕاگەڕاون، دڵنیان خۆیان کەڵکی دنیا و ڕۆژێ ئەبەدیان پێوە نەماوە، ئیتر بۆ هەوڵ بۆ کوڕ و کارەکانیان بدەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە