شارەزایەکی بواری تەکنەلۆژیای نێودەوڵەتی پێنج نیشانەی نیگەرانکەری ئاشکرا کرد کە ڕەنگە ئاماژە بن بە سیخوڕیکردنی مۆبایلەکەت لەلایەن لایەنی سێیەمەوە، هۆشداری دەدات لەوەی یەکێک لەو نیشانانە بە شێوەیەکی مەترسیدار باو بووە.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لەزاری مارک بورکار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای QR Code Generator و پسپۆڕی ئاسایشی دیجیتاڵی ڕایگەیاندووە، زۆرێک لە بەکارهێنەران چاوپۆشی لەو نیشانانە دەکەن کە ڕەنگە ئاماژەن بۆ کارپێکردنی سیخوڕی شاراوە لەسەر ئامێرەکانیان بەبێ ئەوەی ئاگاداربن.
پێنج نیشانە بۆ پشکنینی بەرنامەکانی چاودێری:
تەواوبوونی خێرا و بێ هۆکاری دیاری پاتری:
بورکار ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە نیشانە باوەکان کەمبوونەوەی تەمەنی پاترییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو سەرەڕای بەکارهێنانی ئاسایی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زۆرجار سیخوڕیەکان بە بەردەوامی لە باکگراونددا کاردەکەن، لە ئەنجامدا کارەبایەکی بەرچاو بەکاردەهێنرێت.
گەرمبوونی زۆری مۆبایل لەکاتی بەکارنەهێنانیدا
مۆبایلێک کە لە کاتی بەکارنەهێنانیدا گەرم دەبێتەوە، دەتوانێت نیشانەی کارپێکردنی بەرنامە شاراوەکان بێت کە هێزی پرۆسێسکردن بەکاردەهێنێت، بەتایبەتی کاتێک بەکارهێنەرەکە ناچالاک بێت یان شەوبێت.
بەکارهێنانی زانیاری نائاسایی ئینتەرنێت
ئەو پسپۆڕە ڕوونیشیکردەوە کە بەرنامەکانی چاودێری زانیاری کۆکراوە بۆ لایەنی سێیەم دەنێرن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی لەناکاو لەبەکارهێنانی داتاکان. ئەمەش دەتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە بە پێداچوونەوە بە بەکارهێنانی داتا لە ڕێکخستنەکانی مۆبایلەکەدا.
وەرگرتنی نامەی کورت کە پیت یان هێمای سەیر و سەمەرەی تێدایە
هەندێک لە سیخوڕییە سەرەتاییەکان پشت بە ئاڵوگۆڕی فەرمانەکان دەبەستن لە ڕێگەی نامەی کورتی کۆدکراوەوە، کە ڕەنگە بۆ بەکارهێنەر وەک دەقی تێنەگەیشتوو یان کاراکتەری هەڕەمەکی دەرکەون.
چالاکیەکی نائاسایی کاتێک ئامێرەکە بەکارنەهێنرێت
ئەو نیشانە گرنگانەی کە پێویستیان بە وریایی هەیە بریتین لە ڕووناکبوونەوەی لەناکاوی شاشەکە یان بیستنی دەنگی نامۆ لە کاتی پەیوەندیکردندا، کە لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کامێرا یان مایکرۆفۆنەکە لە دوورەوە لەلایەن لایەنی سیخوڕەوە چالاک دەکرێت.
توێژەران زانیارییە پزیشکییەکانی نزیکەی ٧٧٠٠ بەشداربوویان شیکردەوە
ئامۆژگارییەکانی خۆپاراستن:
- بەردەوام ئەپەکانی مۆبایلەکەت بپشکنە و هەر ئەپێکی نەناسراو لاببە.
- وشەی نهێنی بەهێز و ئاڵۆز بەکاربهێنە.
- بە بەردەوامی چاودێری بەکارهێنانی پاتری و داتاکان بکە.
- ئامێرەکەت ڕێست بکە بۆ ڕێکخستنەکانی کارگە وەک دوا ڕێگە ئەگەر گومانی جددیت هەبوو.
ئاگاداری یاسایی
سیخوڕیکردنی بێ مۆڵەت لەسەر ئامێرە کەسییەکان تاوانێکە کە بەپێی یاسا لە بەریتانیا بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی کۆمپیوتەر سزا دەدرێت، سزاکانیش بریتین لە زیندانیکردن لە حاڵەتە قورسەکاندا.
