ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، پێشنوێژێکی عێراقی لە گوندی کفتین لە لادێکانی ئیدلب لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کوژراوە، کە ئەمە دووەم کردەی کوشتنی عێراقییەکانە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا.
ئەمڕۆ شەممە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا هاتووە، چەند چەکدارێکی نەناسراو کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە، تەقەیان لە پێشنوێژخوێنەکە لەبەردەم ماڵەکەیدا کردووە و کوشتوویانە، دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
ئەم کردەیە چەند ڕۆژێک دوای کوژرانی “ئەبو عائیشە عێراقی” دێت لە گوندی عەزمارین لە لادێکانی ڕۆژئاوای ئیدلب، دوای ئەوەی لەلایەن دوو چەکداری نەناسراوەوە کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە تەقەی لێکراوە و کوژراوە، تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی ئەو دوو عێراقییە ڕانەگەیاندووە.
ڕووداوی ئەمڕۆ دووهەمین ڕووداوی کوشتنە لە ماوەی 24 کاتژمێردا، کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی پیاوێکی بەتەمەنی عێراقی لە ناوچەی سەیدە زەینەب بە چەقۆ کوژرا.
