هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولیر بەردەوامە و بەڕێوەبەری شێڵتەرەکەش دەڵێت، هێشتا نزیکەی 15 هەزار سەگی بێلانە ماوە کۆبکرێنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، حەسەن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر، بە کەناڵی کوردستان24ی ڕاگەیاند، کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر بەردەوامە و ڕۆژانە دوو تیم زیاتر لە 50 سەگی بێلانە، لە کوچە و کۆڵانەکان کۆدەکەنەوە.
وتیشی: لە ماوەی ساڵێک و 10 مانگدا زیاتر لە 17 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر کۆکراوەتەوە و بردراونەتە نێو شێڵتەر، بەڵام بە نزیکەیی 15 هەزاریش ماون، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی دەورووبەری هەولێر.
ئەوەشی خستەڕوو کە ڕۆژانی یەکشەممە تاوەکوو پێنجشەممە، پزیشکی ڤێتێرنەری نەشتەرگەریی بۆ سەگە بێلانەکان دەکات، دوای نەشتەرگەریی کردنیان دەگەڕێنەوە شوێنەکانیان، زیاتر لە حەوت هەزار سەگی بێلانە نەشتەرگەریان بۆ کراوە و لە شێڵتەر دەرچوون.
حەسەن ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، بەگوێرەی ئامارەکان تاوەکوو دوو مانگ پێش ئێستا لەگەڵ کردنەوەی ئەم شێڵتەرە ڕێژەیی گەستن 47٪، کەمیکردووە.
بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شێڵتەری سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروست کراوە و ڕۆژانە چەندین تیمی پزیشکی ڤیتێرنەری و کارمەندی تایبەت تێیدا کار دەکەن.
