سوپای تورکیا زیاتر لە 70 جار گوندەکانی سنووری ئامێدی تۆپباران کرد و پەکەکەش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەڵام دەداتەوە.
کامەران عوسمان لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، 72 جار گوندەکانی دێڕەشێ، گرگاشێ، مژێ، کەفنە مژێ و سپیندارێیان لە ناوچەی بەری گارە لە سنوری قەزای ئامێدی تۆپباران کرد.
ئەوەشی خستەڕوو کە تۆپبارانەکانی تورکیا سەرباری سووتانی دەیان دۆنم زەوی کشتوکاڵی، زیانی بە مزگەوتی دێڕەشێ گەیاند و بەشێکی سووتا.
کامەران عوسمان ڕاشیگەیاند، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بارەگای سوپای تورکیا لە گوندی سگیرێ، بەڵام بەر لە گەیشتنی بە ئامانجەکەی تەقێندرایەوە.
