لە گۆڕانکارییەکی خێرای نێودەوڵەتیدا، کە پەرەسەندنی سەربازی لەگەڵ جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆزدا یەکدەگرێتەوە، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد و سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێرانی کردە ئامانج، ئەمەش هەنگاوێکی بێ وێنەیە لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥.
ئەم ڕاپۆرتە شیکارییەکی قووڵ و کاردانەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و سیناریۆی دوای ڕووداوەکان دەخاتە ڕوو.
ئەمریکا – تاکتیکی پێشوەختە و پەیامی ستراتیژی
بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمی و لێکۆڵینەوەکان، هێزەکانی ئەمریکا شەش بۆمبی GBU-57 بەنکەر-باستەریان بەکارهێناوە کە دامەزراوەی فۆردۆیان کردە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی سی مووشەکی تۆماهۆکیان لە ژێردەریاییەکانەوە بەرەو دامەزراوەکانی ناتانز و ئیسفەهان هەڵداوە.
عەبدولجەبار ئەلعەکیدی شارەزای سەربازی جەختی لەوە کردەوە، کە جۆری ئەو چەکانەی کە بەکارهێنراون هیچ گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە وردی داڕێژراوە و وتی، “ئەم بۆمبانە توانای چوونە ناو دەیان مەتر کۆنکرێتیان هەیە، بەکارهێنانیان پەیامێکی ڕوون دەنێرێت، واشنتۆن بە زەبری هێز هاتۆتە قۆناغی سەپاندنی ئیرادە”.
ڕوونیشی کردەوە کە لێدانی دامەزراوەیەکی وەک فۆردۆ، کە لە ژێر شاخەکاندا تۆکمە کراوە، دەرخەری هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ناوەندی دەماری پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران.
سیناریۆی ئێرانی- ئینکاری تەکنیکی و تەحەدای سیاسی
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران هەوڵی کەمکردنەوەی زیانەکانی دا و جەختی لەوە کردەوە، کە دامەزراوەکان خاڵی بوون لە ماددە تیشکدەرەکان و پێشوەختە چۆڵکراون، هەروەها ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند کە هێرشەکان “نابنە ڕێگر لەبەردەم بەردەوامیی چالاکییە ئەتۆمییەکان”.
بەڵام ئەلعەکیدی گومان دەخاتە سەر ئەم سیناریۆیە و دەڵێت سروشت و قەبارەی تەقینەوەکان لەگەڵ سیناریۆی “کاریگەری سنووردار”دا یەکناگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “رەنگە ئەو شوێنە ئامانجدارانە پێشتر گواسترابن یان تۆکمەتر کرابن، بەڵام نالۆژیکییە ئەو جۆرە هێرشانە تێپەڕن بەبێ ئەوەی هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینە لەسەر ژێرخانی ئەتۆمی هەبێت”.
ترەمپ: هێزی هەڕەشەئامێز بۆ دانوستانی مەرجدار
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هێرشەکەی بە هێرشێکی پێویست و “پێشوەختە” وەسفکرد بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەیەکی نزیک لە ئەتۆمی، بەڵام کراوەیی خۆی دەربڕی بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بەو مەرجەی کە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگیرێت.
لە لێدوانەکانی دواتردا ترەمپ وتی “ئەمریکا شەڕی ناوێت، بەڵام درێغی ناکات لە بەرگریکردن لە ئاسایشی خۆی و ئاسایشی هاوپەیمانەکانی”.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکە بە هەماهەنگی هەواڵگری و پلاندانان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدراوە، کە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ کۆتاییهێنان بەو شتەی کە بە “هەڕەشەی بوونی ئێران” وەسفی دەکات ناوناوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی” ئۆپەراسیۆنەکە دەرخەری جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکات بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە”.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو پێشهاتانەی بە “هەڵکشانێکی مەترسیدار” وەسف کرد کە مەترسی لەسەر سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکات. داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان.
کاردانەوەکانی ئەورووپا لە هۆشداری لە داڕمانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیەوە تا داوای زیندووکردنەوەی پڕۆسەی ڤیەننا لە ژێر هەلومەرجی نوێدا دەستی پێکرد. هاوکات چین و ڕووسیا ڕەخنەی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە ” ڕێوشوێنی سەربازی تاکلایەنەی ئەمریکا “.
