وەزارەتی بازرگانی عێراق دڵنیایی دەدات بە هاووڵاتیان، کە یەدەگی دانەوێڵە و گەنمەکەی بەسە بۆ ماوەی شەش مانگ لەكاتێكدا دەكرێت بە ئارد و لەچوارچێوەی بەشەخۆراك بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، هاوکات ڕایگەیاند، کە عێراق ماوەی سێ ساڵە لە گەنمدا خۆبژێوی بەدەستهێناوە.
محەمەد حەنون، وتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاند، “وەزارەت یەدەگی دانەوێڵە و گەنمی خۆی پاراستووە بۆ ئەوەی بەس بێت بۆ ماوەی شەش مانگ لە بەکارهێنانی ناوخۆیی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق سێ ساڵ لەمەوبەر ڕایگەیاند، کە دوای وەرزە سەرکەوتووەکانی بەبازاڕکردن، خۆبژێوی لە گەنمدا بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی جووتیارانی عێراقی کراوە”.
وتیشی، “بڕی زیاتری سەبەتەی بەشەخۆراکی لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە دابینکراوە، کە پێداویستییەکانی شەش مانگی داهاتوو دەگرێتەوە، لەنێویاندا ئەو ماددانەی لە سەبەتەکەدا هاتووە”.
حەنون ئاشكراشی كرد، “حکومەت کاری کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەلی خۆراک و کەمکردنەوەی باجی گومرگی بۆ سفر بۆ ئاسانکاری هاتنە ژوورەوەی خۆراک و دڵنیابوون لە کۆگایەکی پێویست لە پێداویستییە سەرەتاییەکان”.
ڕوونیشیکردەوە، “شانەی قەیرانەکان بۆ چاودێریکردنی نرخەکان پێکهێنراوە و هەوڵێکی چاودێری بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری و تەماح دەستیپێکردووە. هەروەها تیمە مەیدانییەکان سەرقاڵی پشکنینن بۆ ئامادەکارییەکانی کۆگاکان بۆ پاراستنی پشکەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە کەرتەکانی ئۆپەراسیۆن”.
بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی، “وەزارەت 12 سەبەتەی خۆراكی تەواوەتی بۆ ئەو خێزانانە تەرخانکردووە، کە لە خوار هێڵی هەژاریدان و چاودێری کۆمەڵایەتی دەیگرێتەوە، هاوتەریب لەگەڵ چاودێریکردنی نرخی بازاڕی ناوخۆیی”.
جەختیشی كردەوە، “وەجبەی نوێی سەبەتەی خۆراک دوای چاودێریکردنی نرخی بازاڕ و دیاریکردنی پێویستی بە بڕی نوێ خراوەتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان زیانیان پێ نەگات. هەروەها هەڵمەتی فرۆشتنی مریشک و هێلکە و شیر و ئاردیش بە نرخێکی پاڵپشتیکراو دەستیپێکردووە بۆ ڕێکخستنی بازاڕ”.
