ئێرانێکی نوێ لەدایک نابێ، ئەمریکا ناهێڵێ ئەو درەوشانەوەیە ڕووبدات جارێ، چونکە دەزانێ حەزارەتی ئێرانی و مەددی شیعەگەری چییەو چۆنە، کاتی خۆی لەقەتەر ڕێگای خۆشکرد میری باوک بڕوات و ئەمیرێکی بچکۆلانەی هێنایە سەرشانۆ سوننیەکە بۆ چنینەوەی دۆلارو سەرمایە، لەسعودیەش بن سەلمانێکی زیادکرد بۆ ناوچەکەو یەکپارچە دەستکاری سیستمی کرد لە خۆیان.
ئەمریکا حەزی لە جێنشین و ئەقڵی کوڕەکانە لەبری باوکە کلاسیکیەکان کە حوکمی ئیمان و عەقیدەو دۆلارو ئیعمار بکەن لە ڕۆژهەڵات، ئەم ماوەیەی ڕابردوو هەوڵی کودەتایەکی ئوردنی هەبوو بەسەر شای باوکا سەری نەگرت، تەفسیرەکان بۆئەوە دەچوون پلانی کوڕی بچووک بێ بەپشتیوانی مەتبەخی ئیسڕائیلی – ئەمریکی بۆ دەستکاری سیستمی کۆن، چانسی ئێران کوڕی جێنشین پڕواوپڕ لەباوک ئەچێ و ڕوون نییە ئایەتوڵڵا موجتەبا بتوانێ ئەو ئێرانە تازەیە وەگەڕبخا، وەک چۆن میری قەتەر تەمیم بن حەمەد ئال سانی و شازادە بن سەلمان وەگەڕیان خست بۆ ئەمریکا، ڤیژنە تازەیەی تڕەمپ لێدانە لەسیستمی کۆن، ئەو میتۆدو بڕوایە تەنانەت ناتەنیاهۆش دەگۆڕێ بۆ هێزی تازەو بزوتنەوەی نوێ.
بەڵام ئەوەش کێشەیە ئێران بڕوخێ و ئەڵتەرناتیڤت نەبێ، بەواتایەکی تر نەوەیەکی فاشیلی شاهنشاهیی و پەهلەوی زادەو موجاهیدینێکی خەڵق وەک بەرهەڵستکاری دۆگماو بەربەریترین هێزی دیکتاتۆرو توندوتیژی ڕێخراوەیی حوکمڕانی ئێرانی پڕلە وزە بگرنە دەست، خۆی بۆخۆی ئەوە لێدانە لەڕۆحی شۆڕش و ڕیفۆرم و گۆرانکاریی و میللەتی ئێران بەهەموو پێکهاتەو نەتەوەکانیەوە قبوڵی ناکات.
بۆیە حەزارەت ناڕوخێ، جولەکەو فارس زیرەکن، نەتاران خاپور دەبێت و نە تەلئەبیب، ڕەنگە تاماوەیەکی تر چەکوشکاری سیستمەکە بکەن تا فۆڕمێکی تازە لەدایک دەبێت کە دەوڵەت لە چنگی چین و ڕووسیا دەربهێنن و بیهێننە ناو دیواری هاوپەیمانی خۆیانەوە، ئەوە بەچی دەکرێت؟ بەوەی هەڵۆکان وەزیفەیان کۆتایی پێ بێت، راستە هێڵە بەرگریە ئایدۆلۆژیەکەی بەرەی موقاوەمەو هەناردەکردنی شۆڕش شۆتداونی پێکرا، هێزی میللیگەراو مەرجەعیەتە ئاینی و وەلائیەکانیش دەبێت دەستکاری بکرێت و کرا، ئەوەش دۆخی وێستگە ئەتۆمیەکانە، ئەوەی ماوە دانانی جێگرەوەیە بۆ پێگەی دەسەڵاتەکانی رەهبەر بۆ ماوەیەکی کاتی.
