ئێران تائێستا نیوەی جۆری مووشەکەکانی بەکارهێناوە

لە چوارچێوەی هەڵکشانی ئاڵنگاری سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل، توانا مووشەکییەکانی ئێران وەک بەردی بناغەی ستراتیژی بەرگری و هێرشبەری سەرهەڵدەدەن.

تاران هێشتا جبەخانەی مووشەکی بەکارنەهێنراوی پاراستووە، ئەمەش دەتوانێت ئەرکی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل لە ڕێگریکردنیان ئاڵۆزتر بکات.

ئێران خاوەنی کۆمەڵێک مووشەکی مەودای مامناوەندە کە توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل هەیە بە مەودای زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر. ئەم مووشەکانە بریتین لە مووشەکی سووتەمەنی شلە، وەک خوڕەمشار، هەروەها مووشەکی بالیستیکی پێشکەوتووی سووتەمەنی ڕەق.

دیارترینی ئەم مووشەکانەی کە تا ئێستا بەکارنەهێنراون بریتین لە:

مووشەکی خوڕەمشەهر

ئەم مووشەکە مەودای دوو هەزار کیلۆمەتری هەیە و دەتوانێت کڵاوەیەکی پڕ تەقەمەنی بە هەزار و 500 کیلۆگرام هەڵبگرێت. تایبەتمەندە بە خێرایی بەرز و توانای مانۆڕکردن بۆ خۆدزینەوە لە بەرگری ئاسمانی.

بە یەکێک لە دیارترین مووشەکە ستراتیژییەکان دادەنرێت کە تا ئێستا بەکارنەهێنراوە.

فاتح ٢

لە نێو ئەو چەکە مۆدێرنانەی کە پێدەچێت بەکارنەهێنراون، مووشەکی فاتح ٢ هەیە کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکێکی هایپەرسۆنیکە و توانای مانۆڕکردنی هەیە لەناو بەرگەهەوا و خۆدزینەوە لە بەرگری مووشەکی.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فارس، ئەم مووشەکە مەودای 1400 کم و خێرایی 13 ماخ هێندەی دەنگی هەیە، بەمەش ڕیگریکردن لێی زۆر قورسە.

ماخ یەکەیەکی پێوانەیە بۆ خێرایی بە بەراورد بە خێرایی دەنگ. یەک ماخ یەکسانە بە خێرایی دەنگ. بۆ نموونە مووشەکێک کە بە ماخ ٢ دەڕوات دوو ئەوەندەی خێرایی دەنگە.

 

مووشەکی قاسم

ئەمە مووشەکێکی بالیستیکی سووتەمەنی ڕەقە و مەودای زیاتر لە ١٤٠٠ کم. بە وردبینی ناسراوە و بە ناوی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسەوە ناونراوە.

مووشەکی قاسم مووشەکێکی بالیستیکی کورت مەودای ئێرانە کە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تاکتیکییەکان بەکاردێت، لەم مووشەکەدا سووتەمەنی ڕەق بەکارهاتووە، ئەمەش ڕێگە بە هەڵدانی خێراتر و ئامادەکاری دەدات بە بەراورد بە مووشەکەکانی سووتەمەنی شل، هەروەها دەتوانێت کڵاوەی جەنگی ئاسایی یان تەقەمەنی بەرهەمدار هەڵبگرێت.

مووشەکی قاسم پشت بە سیستەمێکی پێشکەوتووی ڕێنمایی نابەستێت و ئەمەش وردبینییەکەی کەمدەکاتەوە. بەڵام بۆ لێدانی تاکتیکی لەدژی ئامانجی دیاریکراو وەک بنکەی سەربازی یان شوێنی دیاریکراوی مەیدان بەکاردێت.

 

مووشەکی زۆڵفەقار

مووشەکی زۆڵفەقار مووشەکێکی مەودای مامناوەندە لە ڕووی زەویەوە بۆ سەر ڕووی زەوی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ڕێنمایی دژە کەشتییە، کە ئەگەری هاتنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ بەرەکانی شەڕ دژی ئێران ئەگەری هەیە بچێتە بەرەکانی شەڕەوە. مەودای لە نێوان ٧٠٠ بۆ ١٠٠٠ کم.

 

موشەکی سومار

مووشەکی کروزە ئێران پەرەی پێداوە و جۆرەکانی وەک مووشەکی سومار و یا عەلی بەرهەم هێناوە. ئەم سیستێمانە مەودای ٧٠٠ بۆ ٢٥٠٠ کم یان هەیە، دەتوانن لە بەرزاییە نزمەکاندا بفڕن، ئەمەش وا دەکات دەستنیشانکردنیان قورس بێت. ئەم مووشەکانە هێشتا لە شەڕە ئاشکراکاندا بەکارنەهێنراون، بەڵام دەکرێت لە دژی ژێرخانی ئابووری بەکاربهێنرێن.

ڕەعد

بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران، مووشەکی ڕەعد مەودای 500 کیلۆمەتری هەیە، سووتەمەنی ڕەقە و بە کێشی سووک و هەڵدانی خێرای تایبەتمەندە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە