کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دواهەمین بڕیاریدا و دەڵێت”هەڵبژاردن دواناخرێت و ئەنجام دەدرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی حوزەیرانی 2025 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پشتڕاستی کردەوە کە شەڕی بەردەوامی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نابێت.
عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە،”شەڕی ئێران و ئیسرائیل کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت، هەروەها کارەکان بەشێوەیەکی ئاسایی بەرەوپێش دەچن بەبێ ئەوەی هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم کارەکانی کۆمسیۆندا بێت بەهۆی ئەم شەڕە یان پرسێکی دیکەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراو لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەدەچێت و هیچ دواخستنی ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنەش بەهۆی شەڕەوە یان هەر هۆکارێکی ترەوە نابێت.
بڕیارە ڕۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەمەش شەشەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی 2003ەوە.
