قائیمقامیەتی سلێمانی دەربارەی تانکەری ئاو هۆشداری دەداتە هاووڵاتیان

قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە نرخ و تەندروستیی ئاوی تانکەرەکان ئاگادار بن و لە کاتی بوونی هەر سکاڵایەکدا پەیوەندییان پێوە بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، عامر محەمەد، سەرۆکی لیژنەی شەمعە لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند؛ لە وەرزی هاویندا بەشێک لە هاووڵاتیان بەناچاری ئاوی تانکەر دەکڕن، پێویستە ئەو هاووڵاتیانە چاوکراوە بن و ڕێگەنەدان نرخی زیادیان لێ بسەنرێت، یان ئاوی ناتەندروستیان پێ بفرۆشرێت، چونکە پەیوەندی بە تەندروستییانەوە هەیە.

وتیشی: ئەو تانکەرانە کە ئاو بۆ ماڵان دەهێنن پێویستە لۆگۆی ڕێگەپێدانیان پێوەبێت، هەر تانکەرێک لۆگۆی پێوە نەبێت و لێی نەنووسرابێت ئاوی ئەم تانکەرە شیاوە بۆ خواردنەوە، ناکرێت ئاوەکەی بۆ خواردنەوە بەکار بهێندرێت.

سەرۆکی لیژنەی شەمعە ئاماژەی بەوە کرد ئەو تانکەرانە ڕێگەیان پێدراوە ئاوی پاک بگوازنەوە لەو شەمعانە ئاو باردەکەن کە ئاوەکەیان لە پشکنین دەرچووە.

عامر محەمەد وتیشی: بۆ هەر سکاڵایەک لەبارەی نرخ و کوالێتی ئاوی تانکەرەکانەوە هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارەی لیژنەی شەمعە (07701938182)، یان لیژنە هاوبەشەکان (07708677777) بکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە