سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل ڕایدەگەیەنێت، لەناو دڵی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و موشەكی بالیستمان داوە و دەشڵێت: ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستپێکردووە بە ئامانجی شکستپێهێنانی هەڕەشەی ئێران بۆ سەر بوونی ئیسڕائیل.
ناتانیاهۆ لە وتەیەکی ڤیدیۆییدا وتی، “ئیسڕائیل دامەزراوەی سەرەکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی لە نەتەنز کردۆتە ئامانج”.
جەخیشی لە بەئامانجگردنی زانایانی ناوداری ئێرانی کردەوە، کە کار بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی ئێرانی دەکەن و وتی: “لە دڵی بەرنامەی مووشەکی بالیستی ئێرانمان داوە”.
ئاشكراشی كرد: ئێران ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتاندووە کە بتوانێت نۆ بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات.
ڕاشیگەیاندووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە زیان بە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران و توانا سەربازییەکانی و کارگەکانی مووشەکی بالیست دەگەیەنێت و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
