spot_imgspot_img

عێراق لە لێواری تەقینەوەدایە

لە کاتێکدا کە ڕووداوەکان لە ناوچەکەدا بەخێرایی گۆڕانکارییان بەسەردادێت، و باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری نێوان واشنتۆن و تاران زیاتر دەبێت، چاودێران هۆشداری دەدەن کە عێراق یەکەم وڵات دەبێت باجی ئەو هێرشانە بدات.

خالد ئەلئەرداوی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان بە بەغداد الیوم-ی ڕاگەیاندووە، “رێڕەوی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان، دەرئەنجامی دۆخی ناوچەکە دیاری دەکات و یەکشەممەی داهاتوو دانوستانەکان ڕەنگە یەکلاکەرەوە بێت، و ببێتە تەرازوی گۆرانکاری یان بەرەو ئاگربەست یان بەرەو تەقینەوەی یەکجاری”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا و ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسی دابخرێت، ئەوا بژاردەی سەربازی سەرهەڵدەدات و عێراق دەخاتە ناوەندی زریانەکەوە، دەبێتە یەکەم خاڵی گەرم لە هەر شەڕێکی ئەگەری ناوچەیی “.

ڕوونیشیکردەوە، “گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە تاران بێلایەن نابن، بەڵکو شانبەشانی ئێران بەشداری ململانێکان دەکەن، تەنانەت ئەگەر حکومەتی عێراق هەوڵی تەواو بدات و ئەمەش ڕەتبکاتەوە.

ئەلئەرداوی هۆشداریشیدا لەوەی “حکومەت خاوەنی توانایەکی ئەوتۆ نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو گرووپە جەکدارانە بکات کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق مامەڵە بکەن”.

راشیگەیاند، “ئەمە سەروەری عێراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەگەری وەڵامدانەوەی بەرفراوانی ئەمریکا بەرامبەر ئەو شوێنانەی کە پێدەچێت هێرشەکان لێیەوە دەستپێبکرێن، ئەمەش خاکی عێراق دەکاتە گۆرەپانێکی کراوە”.

عێراق لەنێوان ئیرادەی حکومەتێک کە هەوڵدەدات وڵات لە بەڵای شەڕ و ئەو واقیعە ئاڵۆزەی کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەسەریدا سەپینراوە گیری خواردووە. ئەگەر پریشکی ئاگرێک سەرهەڵبدات ئەوا عێراق ناتوانێت ڕێگری لەو کارەساتە بکات کە یەخەی دەگرێت، بەمەش دەبێتە یەکەم وڵات بەدەست شەڕێکەوە دەناڵێنێت کە هیچ گرەوێکی تێدا نییە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە