وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەیامێکی توند بۆ بەغدا دەنێرێت و دەڵێت” مووچە و بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەمڕۆ پێنج شەممە 12ـی حوزەیرانی 2025، پەیامێکی توندی بۆ بەغدا نارد و دەڵیت”حكومەتی فیدراڵی سوورە لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای ڕژێمی پێشوو کە یاسای بەعسی و ناوەندییەتیی بەسەرچووە، بەتایبەتی یاسای ساڵی 1976، کە بەشێوەیەکی ئاشكرا دژی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و ماددەکانی دەستووری بەركارە”.
لەپەیامەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە”سەرباری ئەوەش مووچە و بژێویی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیکردنی بەرنامەبۆداڕێژراوە، بۆ جێبەجێکردنی جیاکارییەکان کە دژی دەستوورن و ئەوەش لە دڕندانەترین پێشێلکارییەکانە”.