جۆرێكی نوێی كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە… بزانە تاچەند مەترسیدارە؟

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا (کۆڤید-19) لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسەكە بووە، پرسیاری دروستکردووە سەبارەت بەوەی ئایا جیهان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتەوە، کە بەردەوامە لە گۆڕانکاری؟

پرۆفیسۆر لۆڕێنس یۆنگ، پسپۆڕی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی وارویک، ڕایگەیاندووە، لە هەفتەکانی داهاتوودا، ڕەنگە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران یان تەمموزدا، ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیادییەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.

جۆرە نوێیەکە کە لە ڕووی زانستییەوە بە “NB.1.8.1” یان “نیمبوس” ناسراوە، لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە وەک “جۆرێک لە ژێر چاودێریدایە” ڕیزبەندی کراوە. ئەم جۆرە لە جۆری ئۆمیکرۆن وەرگیراوە و بۆ یەکەمجار لە مانگی 1ی ساڵی ٢٠٢٥ دۆزرایەوە، بە فەرمی لە ٢٣ی ئایاردا خرایە لیستی جۆرە جیهانییەکان، کە لە ژێر چاودێریدان.

شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە ئەم جۆرە “تاڕادەیەک چالاکە” بەڵام مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست ناکات. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە پابەندبوون بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و وەرگرتنی ژەمە زیادکەرەکانی ڤاکسینەکان کردەوە.

بەپێی وتەی ئیسلام عەنان، مامۆستای ئابووری تەندروستی و زانستی بڵاوبوونەوەی پەتا، “جۆری نیمبوس هێشتا توانای ناوازەی نیشان نەداوە بۆ بڵاوبوونەوە یان نیشاندانی توندتر”.

ڕوونیشی کردەوە، ئەو باسەی بڵاوبۆتەوە “ڕێژەی تووشبوون لە سەدا 97” دەکات، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە. ئەم ژمارەیە لە ڕاپۆرتە ناوخۆییەکانی وڵاتە بچووکەکانەوە یان لە ڕێگەی نمونەی نانوێنەرایەتییەوە بڵاوکراوەتەوە و ڕەنگدانەوەی زیادبوونی جیهانی نییە، کە بە تایبەتی پەیوەستە بە جۆرە نوێیەکەوە.

عەنان ئاماژەی بەوەداوە، کە جۆرە نوێیەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ٢٢ وڵاتی جیهاندا دۆزراوەتەوە، کە نزیکەی لەسەدا ١٠ی نمونە جیهانییەکان پێکدەهێنێت، “ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ڕێژەیی لە ماوەی کورتدا، بەڵام ئاماژەیە بۆ گواستنەوەی بەربڵاو وەک دیلتا یان ئۆمیکرۆنی ئەسڵی”.

بەڵام پرۆفیسۆری پەتاناسی پێی وایە “نیمبوس تاڕادەیەک نیگەرانکەرە و لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە چاودێری دەکرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی حاڵەتی فریاگوزاری ڕاستەقینە”.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێی وایە کە “بەردەوامی پەرەسەندنی کۆڤید-١٩ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرە نوێیەکان، کە دەتوانێت ببێتە هۆی شەپۆلی نوێی زیادبوونی تووشبوون یان مردن”.

بە سەرنجدان بە بەردەوامی ئاستی بەرزی گواستنەوەی كۆرۆنا لە زۆرێک لە ناوچەکاندا، دوایین هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی “هێشتا ئاماژە بە ئاستێکی بەرزی مەترسی دەکات”.

بەڵام تا ئێستا ڕێکخراوەکە پێشنیاری هیچ سنووردارکردنی گەشت و بازرگانی نەکردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ڤاکسینە پەسەندکراوەکان بە کاریگەری دەمێننەوە دژی جۆرە نوێیەکە و بەشدارن لە ڕێگریکردن لە نیشانە توندەکان و مردن.

ئایا نیشانەکانی نەخۆشی كۆرۆنا گۆڕاون؟

دکتۆر زرار بلعاوی، ڕاوێژکاری دەرمانناسی کلینیکی بۆ نەخۆشییە تووشبووەکان، بە (سکای نیوز)ی عەرەبی ڕاگەیاند، تا ئێستا، هیچ بەڵگەیەک نییە، کە نیشانەکانی جۆری نیمبوس توندتر بن لە نیشانەکانی جۆرەکانی پێشووی ئۆمیکرۆن.

بە وتەی بلعاوی نیشانە باوەکانی تا ئێستا بریتین لە:
– ماندوێتی و تا.
– ئازار و ئازاری ماسولکەکان و ئازاری قورگ.
– نەبوونی بەرچاو لە لەدەستدانی بۆن و تام، بە پێچەوانەی جۆرەکانی پێشووتر.

مەترسییە جیهانییەکان

دۆخی جیهانی جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دۆخی ناوچەکەدا نییە. شارەزایانی بەریتانی هۆشدارییان داوە کە جۆری (نیمبوس) دەتوانێت شەپۆلێکی نوێی هاوینەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دەستپێبکات. بەگوێرەی داتاکانی دەزگای ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا، ڕێژەی توشبووانی پۆزەتیڤ لەمساڵدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی، بەراورد بە مانگی ئازاری ڕابردوو بە ڕێژەی 97% زیادیکردووە.

بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، کۆڤید بەشداربووە لە مردنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە ئینگلتەرا تەنها لە مانگی ئایار (5)دا.

لەم چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆر لۆڕێنس یۆنگ، پسپۆڕی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زانکۆی وارویک، ڕایگەیاندووە، لە هەفتەکانی داهاتوودا، ڕەنگە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیران یان تەمموزدا، ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زیادییەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، هەرچەندە هێشتا زەحمەتە بتوانرێت توندی ئەو شەپۆلە بخەمڵێندرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە