spot_imgspot_img

حكومەتی هەرێم بۆ پارەی كارەبا بڕیاری نوێی ڕاگەیاند

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، 1.4 ملیار دینار بۆ ئەو خێزانانە دەگێڕێتەوە، کە بەشێکن لە ‘پڕۆژەی رووناکی’ بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری.”

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری. لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بە شێوەی کرێدت (رصید) بۆ پسوولەی مانگی پێنج.”

ئاماژی بەوەشکردووە، “ئەمەش وادەکات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج. بەم شێوەیەش بە تێکڕا، هەریەکێک لەم ماڵانە تاوەکو 20 هەزار دینار بە ‌شێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تاوەکو نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.”

وەکو لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە، ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە پێشتر پارەیەکی زیاتریان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسندی کرد.

وەزارەتی کارەبا دەڵێت: “هەروەها ئەو هاوڵاتیانەش دەگرێتەوە کە سوودمەند نەبوون لە پاڵپشتیی حکومی بە رێژەی 15% لە مانگی سێیەمدا، کە ئەویش لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا؛ ئەمەش وەکو پاڵپشتییەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتیی مانگی یەکەم بە رێژەی 50% و مانگی دووەم بە رێژەی 25%،”.

 

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە