نێردەی یۆنامی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، دەبێت هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دەشڵێت: متمانەی تەواومان بە دەسەڵاتی دادوەری عێراقی هەیە.
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراقەوە دەستیپێکرد و محەمەد حسان، نێردەی یۆنامی لە عێراق كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە وتارێكدا وتی، “عێراق هەوڵی تەواو دەدات لەپێناو سەقامگیری و بنیاتنانی پەیوەندی نێودەوڵەتی تەواو.
وتیشی، “سوپاسی عێراق دەكەین بۆ هاوكارییە مرۆییەكانی بۆ لوبنان و سووریا و غەززە”.
ڕاشیگەیاندووە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد لە وادەی خۆیدا.
نوێنەری یۆنامی دەشڵێت: تا ئێستا 100 هەزار ئێزدی خەڵكی شنگال لە كەمپەكانی پەنابەرانن و پەناگە نافەرمییەكانن و زەرەرمەندی یەكەم بوون لەسەر دەستی ڕێكخراوی داعش، بەڵام حكومەتی عێراق دانی ناوە بە مافی ئێزدیەكان لە خاوەندارێتی زەوی و ئەوەش دەستكەوتێكی گرنگە.
جەختیشی كردۆتەوە، متمانەی تەواویان هەیە بە دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و وتوشیەتی، “پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی هاوبەشییە و دەبێت هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ و بەپێی دەستوور کێشەکانیان چارەسەر بکەن”.