بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە چەند گەڕەكێك بەهۆی نۆژەنكردنەوەی بۆری ئاوی ئیفرازی دوو، بێ ئاو دەبن، هاوكات بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێت: لەمانگی داهاتوودا یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر دەکەوێتە کار.
ڕابەر خۆشناو، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕایگەیاندووە، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بۆری ئاوی ئیفراز دوو، چەند گەڕەکێکی هەولێر بێئاو دەبن.
ڕاشیگەیاندووە، هیچ کێشەیەک لە بۆڕییەکەدا نییە و حاڵەتی شکانی بۆریش نییە، تەنیا چاککردنەوە و گۆڕینی چەند بەشێکی بۆرییەکەیە و لەزووترین کاتدا کارەکان کۆتایی پێدێت و ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکان.
لای خۆشیەوە، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕایگەیاند “کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر بەردەوامە و لەمانگی داهاتوو یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی ئاوی هەولێر دەکەوێتە کار و ئاو لە شەقامی ڕەشکین تا شەقامی کۆیە دابین دەکات، هەروەها گەڕەکانی دەرەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری و قەزای بنەسڵاوە و دارەتووش سوودمەند دەبن لە هێڵی یەکەمی ئاوی خێرا.
دەشڵێت: “پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەو هێڵە سەرەکییە دەست بە گواستنەوەی ئاو بکات و نیوەی وێستگەی پڕۆژەی ئاوی خێرا دەکەوێتە کار.”