سەرۆكی خولیی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەسەر لێبڕینی 3%ی دیكەی خانەنشینی 10 ساڵی ڕابردوو لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دێتە دەنگ و دەڵێت: مووچەی خانەنشینی بە یاسای كۆن لەو ساڵانەی پێشوو دراوە چۆن دەبێت لێبڕینی خانەنشینی ئەو ساڵانە بە یاسا نوێیەكە بێت و دەشڵێت: بە بڕیارەكەدا بچنەوە ئەگەرنا دادگا هەیە دەرگاکەشی واڵایە.
مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، سەرۆكی خولیی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە وتارێكدا، كە لە سایتی (خەڵك) بڵاوكراوەتەوە نووسویەتی: ئەوێ دەمێ ئێمە ئەو یاسایەمان پێ باشبوو، چونکە هەندێک ویژدان و جۆرێک لە هاوسەنگیشی بۆ خانەنشینان پێوەبوو، لێبڕینەکەشمان پێ ئاسایی بوو، زۆریش داوامان کرد جێبەجێ بکرێت، بەڵام نەکرا و حکومەت خۆی لێ نەبان کرد و درێژەی بە یاسای ژمارە ٢٧ ساڵی ٢٠٠٦دا کە زیانێکی زۆری بۆ خانەنشینە ڕاستەقینەکان هەبوو.
دەشڵێت: هەر بڕیارێک بۆ بڕین و کۆکردنەوەی پارە بێت زوو جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەگەر پێشهاتێک لە بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەران بێت پشت گوێ دەخرێت و سەد کلک و کوێی بۆ دروست دەکرێت، بەداخەوە ئەوە بۆتە ڕیسای کارکردن کە نابێت وابێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە کۆی ١٣٢ مانگی ئەو 11 ساڵە، ٤٤ مووچەتان بە پاشەکەوت و لێبڕین هەروەها 15 مووچەشتان هەر نەداوە، بە چ هەقێک لە دیناری خۆتان خۆش نابن، کەچی ئەو قەرزەی ئەو بەڕێزانەش بچێتە ئاوێ؟ و دەشپرسێت: “لە کۆی ئەو 11 ساڵە مووچەی خانەنشینی هەر بە یاسای ژمارە ٢٧بووە، لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٤ یاسای ژمارە ٩ جێەجێکرا، چۆن دەبیت لێبڕینەکە لە ٢٠١٤ەوە بێت؟”.
مامۆستا عەبدولواحید ئاماژەی بەوەشداوە، لە 1ی شوباتی ٢٠١٦ەوە بەرزکردنەوەی مووچەتان نەکردووە، کە بۆ هەر مامۆستا و فەرمانبەرێک دوو تا سێ بەرزکردنەوەی مووچەتان بۆ نەکردوون بە پارە دەکاتە نزیکە ٧٥ تا ١٥٠هەزار دینار، لە خانەنشینیش بۆتان هەژمار نەکردن، بە چ مافێک ئەو لێبڕینە بەو شێوەیە دەکەن؟
جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر حسابی قەرزی خۆتان دەکەن و دەتانەوێت وەری بگرنەوە، ئەی نابێت ئەوەتان پێ بوترێت، ئەو 7%ی ئەوەندە ساڵە بڕیوتانە لە کۆێتان داناوە؟ دڵنیام لوش کراوە. و دەشڵێت: “کە ئەو فەرقە وەردەگرنەوە، ئێ کەوایە فەرقی مووچەی خانەنشینانی ئەو چەند ساڵەش بدەنەوە، ئەگەر نا بە چ هەقێک ئەو بڕینە دەکەن، خۆ ئێوە مووچەکەتان بە پێی یاساکە نەداوە تاوەکو بە پێی هەمان یاسا ئەو لێبڕینە زیادەیە بکەن؟”.
مامۆستا عەبدولواحید هۆشداری ئەوەش دەدات، “جێی خۆیەتی چاوی پێدابگێڕنەوە، لە مێژیشە وتویانە قەرز کۆن دەبیت بەڵام نافەوتێت هەر دەشمانەوێتەوە، بۆ ئەو بڕینە زیادەیەش خۆتان بکەنە خاوەن لێمەگەڕێن وا تێپەڕێت، ئەگەر نا دادگا هەیە دەرگاکەشی واڵایە”.