spot_imgspot_img

کامیان باشترە…ئۆتۆمبێلی گاز یان بەنزین یان كارەبایی؟ 

 

دیزڵ كە لای خۆمان بە گاز ناسراوە، یەكێكە لەو دوو مادە سەرەكییەی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێلسازی پشتیان پێبەستووە لە دروستكردنی بەرهەمەكانیان، لەگەڵ ئەوەی دیزڵ لە چەند ڕوویەكەوە باشترە لە بەنزین، بەڵام تا ئێستاش بزوێنەرەكانی بەنزین هەم لای كۆمپانیاكان و هەم لای بەكاربەرانیش خواستی زیاتریان لەسەرە.

لە چیدا دیزڵ باشترە لە بەنزین:

– لە ڕووی نرخەوە، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا دیزڵ لە بەنزین هەرزانترە.

– یەك مەتر سێجا دیزڵ (9800) كیلۆ وات وزە دەدات، بەڵام هەمان بڕ لە بەنزین (8760) كیلۆ وات وزە دەدات، ئەمە ئەگەر نمونەیەكی پاك لە هەردوو مادەكە وەربگرین، لێرەوە دەگەینە ئەوەی، لە ڕووی ئابورییەوە دیزڵ باشترە، چونكە ماوەیەكی زیاتر دەڕوات و وزەیەكی زیاتر دەدات وەك لە بەنزین، یان لە هەمان ماوەدا، دیزڵ كەمتر سەرف دەبێت وەك لە بەنزین.

– بە پێچەوانەی بەنزینەوە، دیزڵ زۆر درەنگ گڕ دەگرێت، ئەمەش لە ڕووی سەلامەتییەوە خاڵێكی تر بۆ دیزڵ زیاد دەكات، چونكە لە كاتی ڕووداوەكانی هاتووچۆدا بە دەگمەن بووە ئۆتۆمبێلێكی دیزڵ گڕی گرتبێت.

– لە ڕووی دروستكردنییەوە كەم خەرجییە، بە ئاسانی و بە هەندێ‌ هەنگاوی دیاری كراو (دڵۆپاندن) لە ڕۆنی نەوتی ڕەش بە بڕی زۆر دەردەهێنرێت، بە پێچەوانەی بەنزین و نەوتی سپی كە تێچوویان لە ڕووی كات و پارەوە زۆرە.

لە چیدا بەنزین باشترە:

– بەنزین زووتر لە بزوێنەردا دەسوتێت و وزەیەكی خێراتر دەدات، ئەوەش گونجاوترە بۆ ئۆتۆمبێل و بزوێنەری بچوك.

– بزوێنەری بچوكتر و كەم ئاڵۆزتری دەوێت، بە پێەوانەی دیزڵەوە كە باشترن بۆ ئۆتۆمبێل و بزوێنەری گەورە، دیزڵ وردەكاری و تەكنیكی زیاتری دەوێت بۆ كارپێكردن.

– هەرچەندێك بەنزین بڕێكی زیاتر لە گازی ئۆكسیدی نایترۆجین دەردەكات، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی گازی زیانبەخش كەمتر لە دیزڵ دەردەكات لە كاتی سووتانیدا، بەوەش زیانی بەنزین لەسەر ژینگە و تەندروستی كەمترە.

– گازی ئۆكسیدی نایترۆجین گازێكی مەترسیدارە و ڕاستەوخۆ پاش هەڵمژینی لە لایەن خوێنەوە دەگوازرێتەوە، ڕێژەی كاربۆكسیل لە خوێندا زیاد دەكات و ئۆكسجین كەم دەكاتەوە، زیانی تەندروستی گەورەی وەك (شێرپەنجە)ی لیدەكەوێتەوە.

– لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا زۆرینەی ئۆتۆمبێلەكان فلتەری تایبەتییان بۆ دانراوە، بەڵام فلتەر (95%)ی گازە زیانبەخشەكان دەگرێت و (5%)ی لە باشترین حاڵەتدا دەچێتە ناو هەواوە، ئەو گازانە لە تەنۆلكەی وردی باش نەسووتاوی مادە نەوتییەكان (هایدرۆ كاربۆن) پێكهاتوون، بە شێوەی گشتی زیانبەخشن بە تەندروستی مرۆڤ و گیانەوران.

بە لێكدانەوەی ئەو خاڵانە، زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێلسازی و بەكارهێنەرانیش زیاتر ویستییان لەسەر بزوێنەری بەنزینە، هەرچەند شوێن و پێگەی ئابوری ئەو دەوڵەتە ئەو خواستە دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، نرخی بەنزین تا رادەیەك گرانە، بۆیە كۆمپانیاكان و ئۆتۆمبێلیش زیاتر پەنا دەبەنە بەر ئۆتۆمبێلی دیزڵ و كۆمپانیاكانیش لەو بارەیەوە پێشكەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە.

هایبرێد و كارەبایی

لە ئێستاشدا چاوی كۆمپانیاكان لەسەر دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەباییە و پێشكەوتنی گەورە لەوبوارەدا دروستبووە، وەك ئۆتۆمبێلەكانی تێسلا و شێڤرۆلێت ڤۆڵت، بەڵام ئاستەنگی ئەو كارەش چەند شتێكە، لەوانە:

– گەورەیی و قورسی و گرانی نرخی باترییەكان.

– زوو تەواوبوونی شەحنی باترییەكان، ئەوەش ڕێگر دەبێت لەبەردەم بڕینی ماوەی زۆر، بەڵام لە ئۆتۆمبێلە هایبرێدەكانی وەك تۆیۆتا پریۆس و شێڤرۆلێت ڤۆڵت، تا ڕادەیەك ئەو كێشەیە چارەسەر كراوە.

– درەنگ شەحن بوونەوەی باترییەكان، كە زۆرجار (7) سەعات دەخایەنێت.

– بەسەرچوونی تەمەنی باترییەكان، كە دەبێت (3 تا 5) ساڵ جارێك بگۆڕدرێن.

– لەگەڵ ئەوانەشدا بزوێنەرە كارەباییەكان كەمتر كێشەیان تێدەكەوێت بەراورد بە بزوێنەرەكانی بەنزین و دیزڵ، چونكە پارچە و پێداویستی زۆریان نییە و تێچووی پاراستن و چاك كردنەوەیان كەمترە.

 

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە