جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان ڕایدەگەیەنێت، لە سێ مانگدا 26 ڕۆژ هەوای پارێزگاکە پاک بووە و 46 ڕۆژیش هەواکەی باش نەبووە.
میهرداد شابازی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان ڕایگەیاندووە، لە 21-03-2025 تاوەکو 7-06-2025 هەوای شارەکانی سەر بە پارێزگای کرماشان بەهۆی بەرزبوونی رێژەی گەردیلە زیانبەخشەکانەوە 6 ڕۆژ لە ئاستی هۆشداریدا بووە و بۆ خەڵکی وەک نەخۆش، منداڵ و بەساڵاچووان بەکەڵک نەهاتووە و ماوەی دوو ڕۆژیش هەوای پارێزگاکە لە دۆخی ئەوپەڕی خراپدا بووە.
وتیشی: ” لەو سێ مانگەدا شارەکانی پارێزگاکە تەنیا 26 ڕۆژ هەوای پاکیان هەبووە و 46 ڕۆژیش هەواکەی باش نەبووە.”
میهرداد شابازی دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە پار، پیسبوونی هەوا لە شارەکانی سەر بە پارێزگاکە زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: “پار پارێزگای کرماشان لە سەر ئاستی ئێران لە پلەی 19دا بوو لە ڕووی پیسبوونی هەوا، بەڵام ئەم ساڵ لە پلەی 6دایە.”