بەڕێوبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ هاووڵاتیان باشترە لەشوێنی فەرمی ئاژەڵ بکڕن و بۆ قوربانیش ئاژەڵەکانیان بهێنن بۆ کوشتارگە.
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی ئامادەکاری تەواومان کردوە بۆڕۆژانی جەژن بەپێی خشتەیەک لەکاتژمێر شەشی بەیانیانی تا کاتژمێر شەشی ئێوارە کاردەکرێت و قەساب و پزیشک و کارمەندی تەواو دانراوە بۆ ئەم ڕۆژانە.
دەشڵێت، دووخشتەمان هەیە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەهاووڵاتی، ئەویش چ ڕۆژێک و چ سەعاتێک دەیەوێ قوربانی بکات، ئەوانەشی ڕۆژانی جەژن ئاژەڵ دێنن کە پێشتر ناویان تۆمار نەکردوە، دەتوانن بێن ئاژەڵ سەر ببڕن لەکوشتارگە و شوێنیان بۆدیاری کراوە، دەمانەوێ زۆرترین ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕین و کەمترینی لەدەرەوە بێ.
لەبارەی تۆمارکردنی ناو بۆ قوربانی باسی لەوەکرد، وەڵامدانەوەی هاووڵاتیان وەک پێویست نەبووە، کە ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە، نەدانی مووچە و نەخۆشی تای خوێنبەربوون ترس و دڵەڕاوکیی دروست کردوە لە ئەنجامدانی قوربانی، لەهەمان کاتدا خەڵکێکیش بڕوای بە کوشتارگەکان نیە، مەبەستیانە خوێن لەماڵ بڕێژن، بەڵام ئەوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە لەوەی بەشێوەی تەندروست سەر نابڕدرێت، پاشماوەکەی بۆنی دێت، منداڵان دیمەنی سەربڕین دەبینن ئەوەش کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵ دەکات، لەڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی ناتەندروستە.
هەڵمەت هەمزە ئەوە دەخاتەڕوو،بۆ هاووڵاتیان باشترە لەشوێنی فەرمی ئاژەڵ بکڕن و بۆ قوربانیش ئاژەڵەکانیان بهێنن بۆ کوشتارگە چونکە پشکنین دەکەین ئەگەر لەپشکنین دەرنەچێت ئاژەڵەکە دەگەڕێنینەوە بەهۆی نەخۆشی، بۆ ڕێگریش لە سەربڕینی ئاژەڵ لەگۆڕەپانی گەڕەکەکان و ڕێگاکان و مەیدانی ئاژەڵان، ڕێکاری تووند گیراوەتە بەر.
ئەوەشی خستەڕوو، لەڕۆژانی ئاسایی جگە لەسارتکەرەوە ڕێگایان پێنادرێت گۆشتببەنە دەرەوەی کوشتارگە، بەڵام لەڕۆژانی جەژن بەهۆی ژمارەی زۆری قۆربانی بەپێی ڕێنمایی هاووڵاتی دەتوانێ بەئۆتۆمبێلی خۆی گۆشت بگوازیتەوە بۆ ماڵان، بەڵام دەست کێش و دەمامک ونایلۆنی شەفاف بەکاربێنێت، هەروەها ئەگەر هاووڵاتی گۆشتی بۆهات باشترەلەکاتی وەرگرتن بخرێتە بەفر گر لەپلەی سفر تا ٥ سیلیزی دوای ١٢کاتژمێر ئینجا بەدەست کێش ئامادەی بکات، نابێت راستەوخۆ گۆشتەکە بەکاربێت دواتریش باش بکوڵێنرێت، بۆ دڵینابوون لەنەبوون نەخۆشی.