کەڕوو تەنیا لە بینا شێدار و داخراوەکاندا نییە، بەڵکو دەتوانێت لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا گەشە بکات، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە بەردەوام شێیان تێدایە.
کەڕوو لە توانایدا هەیە کە زیان بە قوماش و چەرم بگەیەنێت و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی سەرنشینەکان هەبێت، ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی چارەسەرکەر هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری ئۆتۆمبێلی ئەڵمانی “ئۆتۆ زایتونگ”، کەڕوو بەزۆری لەو شوێنانە گەشە دەکات لە ڕیشاڵی سروشتی یان قوماش دروستکراون، وەک کورسی قوماش، گاعی ئەرزی، سندوقی ئۆتۆمبێل و هێدلاینەری کابینەکە.
گەشەی کەڕوو هەمیشە پەیوەندی بە سەرچاوەیەکی شێدارییەوە هەیە، جا بەهۆی دزەکردنی ئاو لە پەنجەرەکانەوە بێت یان سلاید، یان هێنانی جل و پێڵاوی تەڕ بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکە.
بۆیە یەکەم هەنگاو لە بەرەنگاربوونەوەی کەڕوودا بریتییە لە دەستنیشانکردن و نەهێشتنی سەرچاوەی شێیەکە پێش ئەوەی بەردەوام بین لە پاککردنەوەی شوێنە زیانلێکەوتووەکان.
ڕێگاکانی لابردنی کەڕوو لە ئۆتۆمبێل
کوشن و بەرگی قوماش:
باشتر وایە پاککەرەوەی لابردنی کەڕوو بەکاربهێنرێت کە بەتایبەت بۆ قوماشەکان دروستکراون، بە مەرجێک دوور بن لە کلۆر یان هایدرۆجین پرۆکساید، بۆ ئەوەی زیان بە قوماشەکە نەگات یان ڕەنگی نەگۆڕێت. هەروەها پێشنیار دەکرێت سەرەتا پاککەرەوەکە لەسەر شوێنێکی نادیار تاقی بکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییەکەی.
ڕووی پلاستیکی:
دەتوانرێت کەڕوو لە بەشە پلاستیکیەکان دەربهێنرێت بە بەکارهێنانی کحولێکی پاک یان سرکە. پاککەرەوەکە بدە لە قوماشێکی نەرم و بە نەرمی بیسڕەوە و دوای ئەوە بە باشی وشکی بکەرەوە.
چوارچێوەی شووشە و پەنجەرە:
بەزۆری کەڕوو لەسەر شووشە بە شێوەی نیشتنی ورد دەردەکەوێت، بەتایبەتی لەو شوێنانەی چواردەوریان لاستیکە، کە تۆز و شێی تێدا کۆدەبێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە پێویست بکات شووشەکە لاببرێت بۆ پاککردنەوەی شوێنە شاراوەکان. ئەو بەرهەمانەی کلۆریان تێدایە لەم حاڵەتەدا کاریگەرن.
ئەیرکۆندیشن:
سیستەمی ئەیرکۆندیشن یەکێکە لەو ژینگە ئامادەییە بۆ گەشەکردنی کەڕوو بەهۆی کەڵەکەبوونی شێ لەناویدا. ئەمەش بۆنێکی ناخۆش بلاودەکاتەوە کاتێک کاردەکات. لەم حاڵەتەدا باشترە سەردانی سەنتەری خزمەتگوزاری تایبەتمەند بکەیت بۆ پاککردنەوەی تەواوەتی سیستەمەکە، لەوانەش گۆڕینی فلتەری هەوای ناوەوە. هەروەها باشترە جار جار ئەیرکۆندیشنەکە کاربکات، تەنانەت لە زستانیشدا، بۆ کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی شێ.
ئامۆژگاری خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی گەشەی کەڕوو
شێداری هۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەکردنی کەڕوو. بۆیە باشتر وایە ئۆتۆمبێلەکەت لە شوێنی وشکدا ڕابگریت، دڵنیابە لەوەی پەنجەرە و دەرگاکان بە توندی داخراون. لە ئۆتۆمبێلە کۆنەکاندا پشکنین بکە بۆ دزەکردن و دوور بکەوەرەوە لە جێهێشتنی جل و بەرگی تەڕ یان قوماش لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا. لە وەرزی زستاندا باشتر وایە پێڵاوەکانت لە قوڕ پاک بکەیتەوە پێش ئەوەی بچیتە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە.
چارەسەری ماڵەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەڕوو
جگە لە بەرهەمە بازرگانییەکان، دەتوانرێت هەندێک چارەسەری ناوخۆیی کاریگەر بەکاربهێنرێت، وەک سۆدەی نان، سرکەی سپی، خوێی بێ یۆد.
واباشە دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنیت بۆ پاراستنی کۆئەندامی هەناسەدان و پێستت، هەروەها پاراستنی چاو، هەروەها هەر جلوبەرگێکی لەبەرکراو ڕاستەوخۆ دوای پاککردنەوە بشۆیت.
بەهۆی مەترسی ئاگرکەوتنەوە ڕاستەوخۆ کحول لەسەر ڕووکارەکان مەڕشێنە. هەر ئامێرێکی بەکارهێنراو فڕێی بدە یان بە باشی بیشۆ، بە تایبەت ئەگەر بە کەڕوو پیس بووبێت.
کەی پێویستە داوای یارمەتی پیشەیی بکەیت؟
ئەگەر کەڕوو لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبێتەوە، لەوانەیە چارەسەری ماڵەوە بەس نەبێت. لەم حاڵەتەدا باشترە ئۆتۆمبێلەکە ببەیت بۆ دوکانێکی تایبەت بە پاککردنەوە. کورسییەکان لادەبرێن و بە قووڵی پاک دەکرێنەوە بە بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت.
سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی
