بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم لەبارەی زیادبوونی مار و دووپشک هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: لەژێر ڕێنمایی کەسانی پسپۆر دەوروبەری ماڵەکەت دەرمانڕێژ بکە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم بڵاویكردەوە، “ئەمساڵ بەهۆی کەمی دابارین و وشکبوونی زەوییەکان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی، ڕێژەی مار و دووپشک لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش لە گوند و دەشت و ناوچە کشتوکاڵییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بووە”.
ئاماژە بەوەکراوە، لەپێناو سەلامەتی خۆتان و کەسوکارتان ڕەچاوی ئەم رێنماییانەی خوارەوە بکەن، رێنماییەکانی خۆپاراستن لە ماڵەوە:
– هەوڵ بدە کون و کەلەبەرەکانی خانوو و حەوشەی ماڵەوەت یاخود شوێنی ئاژەڵان بەتەواوی دابخەیت تاوەکو خشۆکەکان نەتوانن بەئاسانی زاووزێ بکەن و تێیدا بمێننەوە.
– بۆ ئەو کەسانەی باخچەیان هەیە، هەوڵ بدەن گژوگیای زیادە قڕ بکەن و رێژەی رووتەنی خاکەکە زیاتر بێت، چونکە خشۆکەکان لەنێو گژوگیا زیاتر دەمێننەوە و لەوێ خۆیان حەشاد دەدەن.
– بۆ ئەو کەسانەی خانوو یاخود باخیان لە دەرەوەی شار هەیە، با دەوروبەری شوێنی مانەوەی رووناکیی پێویستی هەبێت.
– ئەگەر گومان دەکەیت ئەو ناوچەیەی کە لێی دەمێنیتەوە ژینگەیەکی لەبارە بۆ مار و دووپشک و خشۆکەکان، لەژێر ڕێنمایی کەسانی پسپۆر دەوروبەری ماڵەکەت دەرمانڕێژ بکە، بەڵام ئاگاداری منداڵ یان ئەو کەسانە بن کە هەستیارییان هەیە.
– لەکاتی کارکردن لەناو باخچە یان زەوی و زار، جلوبەرگ و پێڵاوی گونجاو لەبەر بکە و ئاگاداری هەنگاوەکانت بە لەکاتی رۆیشتن.
چی دەکەیت ئەگەر مار یان دووپشکت بینی؟
– هێمن بەرەوە و هەوڵ بدە بگەڕێیتە دواوە و وازی لێبێنیت، هەوڵی کوشتنی مەدە و لێیگەڕێ خۆی شوێنەکە جێدەهێڵێت.
– ئەگەر مار هاتە ناو ماڵەکەت یان، ئۆتۆمبێلەکەت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بکە (115).
