بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و هەرێمی کوردستانیش چاوی لەوەیە بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی ئایاری تێدا بدرێت هەرچەندە پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، سوودانی ڕایگەیاندووە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە دەستی ئەودا نییە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبێتەوە.
هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مانگی ئایار بدرێت کە بە بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕاگیراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە سوودانی لە میانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆمار د. لەتیف ڕەشید، ڕایگەیاندووە کە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە بە دەستی ئەو نییە.
سۆران عومەر ڕاشیگەیاند، سوودانی یەکێک بووە لەوانەی کە ڕێگربوون لەوەی دوێنێ (دووشەممە)، دادگای فیدراڵی فەرمانی وەلائی بۆ ڕاگرتنی بڕیارەکەی تەیف سامی دەربکات کە بە هۆیەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێردرێت.
