بەگوێرەی ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، کوژاندنەوەی مۆبایلەکەت دەتوانێت ڕێگریی بکات لەهەوڵە سیخوڕییەکان و بەدوور بوون لە پرۆگرامە زیانبەخشەکان.
لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە باشترین رێکارە خۆپاریزییەکان بۆ ئامێری مۆبایل، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئامۆژگاری بەکارهێنەران دەکات بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵی هاکەر و هێرشبەران لەسەر ئامێری مۆبایلەکەت، هەفتانە جارێک مۆبایلەکانمان بکوژێنینەوە و دووبارە کاری پێبکەینەوە.
ئاژانسەکە دەڵێت، کوژاندنەوەی مۆبایلەکەت و دواتر پێکردنەوەی لانیکەم هەفتەی جارێک دەبێتە هۆی ئەوەی هاکەرەکان قورستر بە دزینی زانیارییەکانت بگەن لە مۆبایلەکەتدا، هەرچەندە ئاژانسەکە هۆشداری دەدات کە ئەمە هەمیشە ڕێگری لە هێرشکردن ناکات.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەپە زیانبەخشەکان و تۆڕەکانی وای فاییش دەتوانن داتاکانی ئامێرەکەت ڕابگرن و ڕێڕەوی بگۆڕن.
جگە لەوەی هەفتانە مۆبایلەکەت دەکوژێنیتەوە، ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا پێشنیاری ئەوەش دەکات:
نوێکردنەوەی ئەپەکان: دڵنیابە لە نوێکردنەوەی ئەپەکان و سیستمی کارپێکردنەکەت بە نوێترین پاچەکانی ئاسایش.
بەکارهێنانی ئەپ ستۆری فەرمی: تەنها ئەپەکانی فرۆشگا فەرمیەکان دابمەزرێنە، وەک ئەپ ستۆر و گووگڵ پلەی.
دوور بکەوەرەوە لە کلیککردن لەسەر بەستەرەکان یان هاوپێچی فایلەکان لەئیمەیڵ و نامە کورتەکاندا، چونکە ئەمانە ڕێگەی باون بۆ دەستپێکردنی بەرنامەی زیانبەخش.
ئاگاداری تۆڕە گشتیەکانی وای فای بن: هەرکاتێک دەتوانیت خۆت بەدوور بگرە لە پەیوەندیکردنیان.
بلوتوز لەکاربخە: لەکاتی بەکارنەهێنانیدا بیکوژێنەرەوە بۆ ئەوەی ئامێرە ڕێگەپێنەدراوەکان نەتوانن پەیوەندی بە مۆبایلەکەتەوە بکەن.
بەکارهێنانی وشەی نهێنی پارێزراو: وشەی نهێنی بەهێز دروست بکە، کە بەلایەنی کەمەوە شەش ژمارە بێت بۆ قفڵکردن و کردنەوەی قفڵی مۆبایلەکەت.
بایۆمەتری بەکاربهێنە: سکانەری دەموچاو یان پەنجەمۆر کە لەناو ئامێرەکەتدا هەیە چالاک بکە بۆ زیاتر ئاسایش و ئاسانکاری.
بەکارهێنانی ئیکسسواراتە متمانەپێکراوەکان: تەنها کێبڵی شەحنکردنەوەی ئەسڵی یان ئیکسسواراتەکانی شەحنکردنەوە لە بەرهەمهێنەرێکی متمانەپێکراو بەکاربهێنە. دوور بکەوەرەوە لە وێستگەکانی شەحنکردنەوەی USB گشتی.
خزمەتگوزاری شوێنەکان بکوژێنەرەوە کاتێک پێویست ناکات.
